Hakan Çopur
03 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
سیئان کۆنلێی پزیشکی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە "لە ئێستادا دۆخی سەرۆک ترەمپ زۆر باشە".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی کە دوێنێ تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ راگەیاند و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشانەی سەربازیی واڵتەر ریید، پزیشکی تایبەتی ترەمپ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی دۆخی تەندروستی سەرۆکی ئەمریکا رێکخست.
پزیشکی تایبەتی ترەمپ، سیئان کۆنلێی رایگەیاند " لەئێستادا دۆخی سەرۆک ترەمپ زۆر باشە".
سیئان کۆنلێی ئاشکراشی کرد کە ترەمپ بەمەبەستی رێکاری پێویست ھێنراوەتە نەخۆشخانە و تەنھا نیشانەکانی وەک کۆخەیەکی سووک و ماندووبوونی پێوە دیار بووە، لە رۆژانی پێنجشەممە و ھەینیش کەمێک تای ھەبووە دواتریش تایەکەی نەماوە.
کۆنلێی لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا لە ئێستادا ترەمپ پێویستی بە ئامیری ھەناسەدانی دەستکرد ھەیە یان نا؟ گوتی: "سەرۆک لە ئێستا پەیوەست نییە بە ھەناسەی دەستکردەوە. پێویستی بە ئامێری ھەناسەی دەستکرد نییە. لەوەتەی ھاتووەتە نەخۆشخانە پێویستی بە ئامێری ھەناسەدانی دەستکرد نەبووە".
کۆنلێی ئاشکراشی کرد کە مارک میاداوس خامەی تایبەتی ترەمپ کارەکانی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەبات.
کۆنلێی گوتیشی: "ترەمپ ٧٤ ساڵە و کەمێکیش کێشی زیادە، ھەر دۆخێکی پەیوەندیدار بە مانە کۆنترۆڵ دەکەین، بەدەر لەمە تەندروستی زۆر باشە".
پزیشکی تایبەتی ترەمپ، سیئان کۆنلێی لەبارەی دۆخی تەندروستی خانمی یەکەمی ئەمریکا، مێلانیا ترەمپ کە ئەویش تووشی ڤایرۆسەکە بووە گوتی: "خانمی یەکەم لە دۆخێکی باش دایە، بۆیە پێویست ناکات بھێنرێتە نەخۆشخانە".