Şerife Çetin,Hozan Mohammed Jabbar
24 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2023
نیویۆرک - AA
پرۆفیسۆری ئەمریکی، د. مارک میرۆویتز رایگەیاند: ''لێکچواندنی رووداوەکانی ١٩١٥ و جینۆسایدی جوولەکەکان (هۆڵۆکۆست) نالۆجیکییە و جێگەی قبوڵ نییە''.
میرۆویتز کە پرۆفیسۆری زانستە مرۆییەکانە لە کۆلێجی نیویۆرک ماریتایم لە زانکۆی ستەیت لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە لە زۆر بواردا وانەی گوتووەتەوە لەوانەش بواری هۆڵۆکۆست و گوتی: ''ئەمە بۆ من واتایەکی کەسیی هەیە، چونکە من منداڵی جینۆسایدم. دایک و باوکم کە کەمپی ئاوشڤیتز دەستبەسەربوون''.
میرۆویتز هەروەها باسی لەوە کرد کە داپیرەی واتا دایکی دایکی لە کەمپی ئاوشڤیتز گیانی لەدەستداوە و دایکی هەڵاتووە بۆ بەلجیکا و دوو پوریشی بۆ بەریتانیا و ئەرجەنتین هەڵاتوون.
میرۆویتز بە دروستی نازانێت دەستەواژەی جینۆساید بۆ پێناسەکردن و ناساندنی زۆر رووداو بەکاربهێندرێت و گوتی: ''وشەی جینۆساید زۆر هەستیاری هەڵگرتووە. ئەگەر بەوریایییەوە دەستەواژەی جینۆساید بەکارنەهێنین، ئەوا گرنگییەکەی لەدەست دەدات''.
- ''ناکرێت رووداوەکانی ١٩١٥ بە هۆڵۆکۆست بچوێندرێت''
مارک میرۆویتز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە مێژوونووسان بە روانگەیەکی مێژوویی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکانی ١٩١٥ بکەن، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا ئەرشیفی خۆی واڵا کردووە.
بە جەختکردنەوە لەوەی کە کارێکی باش دەبێت بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا، بە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن-یشەوە کە دەستەواژەی "جینۆساید" لە لێدوانەکانیاندا بەکارنەهێنن، میرۆویتز بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "جینۆساید دەستەواژەیەکی زۆر ئاڵۆزە، ئەگەر لە چوارچێوەی رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ و پێشهاتەکانی قۆناغی جەنگدا لە راستییەکان بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە ناکرێت ئەو رووداوانە بە هۆلۆکۆست بچوێندرێت. هۆلۆکۆست کارەساتێکی دیکەیە کە ئامانجی سڕینەوەی تەواوی دانیشتووانێک بوو لەسەر گۆی زەوی. ئێمە وشەی جینۆساید بەوردی بەکارناهێنین، دواتر هەموو رووداوێک وەک جینۆساید دەناسێنین. ئەمەش گرنگیی جینۆسایدی راستەقینە کەم دەکاتەوە".
- "وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەرجەنتین ناتوانن وانە بە تورکیا بڵێنەوە"
مارک میرۆویتز هەروەها رایگەیاند کە بەکارهێنانی زاراوەی "جینۆساید" بۆ رووداوە جیاوازەکان، جۆرێک لە نکوڵیکردن لە جینۆساید لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
هاوکات سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەرجەنتین "ئەو کەسانەیان بە جینۆساید تۆمەتبار کرد کە رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ بە جینۆساید دانانێن" و گوتی: "ناکرێت ئەمە قبوڵ بکرێت، ئەرجەنتین کە میوانداری ئەدۆلف ئایشمانی نازی کرد و فەڕەنسا کە لە سەردەمی رژێمی ڤیچیدا هاوبەشی هۆلۆکۆست بوو، ناتوانن وانەی ئەخلاقی بە تورکیا بدەن. ئەم وڵاتانە پێویستییان بەوەیە دابنیشن و پێداچوونەوە بە مێژووی خۆیاندا بکەن".