Sarmand Hameed
29 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی میری کوێت، صباح الاحمد الجابر الصباح پرسەنامەیەکی ئاراستەی شازادەی جێنشین، نەواف ئەحمەد جابر سەباح کرد.
لە بەشێکی پرسەنامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھاتووە: "بە داخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو شێخ صباح الاحمد الجابر الصباح میری دەوڵەتی کوەیتم پێگەیشت، بە ناوی خۆم و گەلی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پرسە و سەرەخۆشیی دۆستانە لە جەنابتان و لە ڕێگەی ئێوەیشەوە لە خانەوادەی بەڕێزتان و سەرجەم گەلی کوەیتی برا دەکەم".
ئەمەش دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە
بەڕێز شێخ نواف الاحمد الجابر الصباح،
میری جێنشینی دەوڵەتی کوەیت
سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت..
بە داخێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دواییی خوالێخۆشبوو شێخ صباح الاحمد الجابر الصباح میری دەوڵەتی کوەیتم پێگەیشت، بە ناوی خۆم و گەلی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پرسە و سەرەخۆشیی دۆستانە لە جەنابتان و لە ڕێگەی ئێوەیشەوە لە خانەوادەی بەڕێزتان و سەرجەم گەلی کوەیتی برا دەکەم.
لە خوای گەورە داواکارم خوالێخۆشبوو بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و بە بەھەشت شادی بکات، ئارامی و دڵنەوایی بە ئێوە ببەخشێت، ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتنی دەوڵەت و گەلی کوەیتیش ھەر بەردەوام بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان