Hemin Hüseyin
01 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2017
هەولێر-AA
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی سیاسی و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژەکانی کوردستان، تەرمی سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعی عێراق و کوردستان عەزیز محەمەد، لە گۆڕستانی شەهیدانی حزبی شیوعی لە گردەڕەشەی بچووک لە شاریهەولێر بە خاک سپێردرا
لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردندا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان چەند گوتەیەکیان پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەیان بە رۆڵ و خەبات و تێکۆشانی ناوبراو کرد، ھەروەھا چەندین ھەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییان خستەڕوو کە هەموویان گوزارشتیان لە ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دەکرد.
لە سەرەتای رێوڕەسمەکە گوتەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، فازڵ میرانی خوێنرایەوە کە تێیدا ئاماژەی بە رۆڵ و هەڵوێستەکانی سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعی عێراق و کوردستانی کرد و گوتی: "بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، خۆمان بە هاوبەشی ئەو رووداوە دەزانین، کۆچکردوو عەزیز محەمەد، تەنیا کوردستانی نەبووە، بەڵکو کەسێکی مرۆڤ دۆست و پیاوێکی تێکۆشەر بووە، کەسێکی دیموکراتخواز و باوەڕی بە پێکەوەژیانی پێکهاتەکان هەبووە و خۆی بە بەرپرسیاریەت دەزانی لەبەرامبەر ئەو بیر و باوەڕەی کە هەیبووە، ئەو تێکۆشەرە تەنها لە کوردستان و لە حزبی شیوعی نەڕۆیشتووە بەڵکو لە هەموومان رۆیشتووە و لەناو دڵمان بە زیندوویی دەمێنتەوە و خودا سەبووری دایکی ئاراس بداتەوە".
لە رێوڕەسمەکەدا، گوتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، عەدنان موفتی خوێندرایەوە کە ئاماژەی بە چەند هەڵوێستێکی کۆچکردوو کرد کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی خەباتگێڕیدا و گوتی: "باسکردنی تێکۆشەر و کەڵەپیاو کاک عەزیز محەمەد بە گوتارێک تەواو نابێت بەڵام دەتوانم باسی ئەوە بکەم کە لە قۆناغی جیاجیا بە خزمەتی گەیشتووم و جارێکیان لە کاتی دامەزراندنی بەرەی کوردستانی هەموو داوای یەکڕێزی و تەباییان دەکرد و ئەو بەڕێزە رووی کردە هەمووان و گوتی لە سیاسەتدا یەک رەنگی نییە، بەڵام دەبێت تەبایی هەبێت و نابێت ئیرادەی خۆمان فەرز بکەین و هەر ئەمەش بوو کە حزبی شیوعی لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی بەشداربوو، تا دوا ساتی ژیانیشی لەسەر ئەو هەستە نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتییەی بەردەوام بوو، کۆچکردوو عەزیز محەمەد ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندان بوو، کاتێکیش ئازادکرا ئەو هەستە نەتەوایەتییەی بەهێزترببوو، هیچ کاتێک بەرامبەر زوڵم و نا دادپەروەرییەکان چۆکی نەدا، سڵاو لە گیانی پاکی و ئێمە هەرگیز لەبیری ناکەین".
دواتر سکرتێری حزبی سوسالیست دیموکراتیی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کۆچکردوو، عەزیز محەمەد و حزبی شیوعی و ئامادەبووان کرد و ئاماژەی بە رۆڵ و کاریگەری ناوبراو کرد لە مێژووی خەبات و تێکۆشاندا.
سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی کوردستان و عێراق، عەزیز محەمەد دوای ماوەیەک لە نەخۆشکەوتنی، دوێنێ لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
عەزیز محەمەد لە ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی بێرکۆتی سەربە شاری ھەولێر لە دایکبووە و لە ساڵی ١٩٤١ پەیوەندی بە کۆمەڵەی هیوا کردووە و لە ساڵی ١٩٤٥ بووەتە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق و دواتر بووەتە بەرپرسی لقی حزبی شیوعی لە ھەولێر و دواتریش بووەتە بەرپرسی باکووری حزبی شیوعی و لە دوای نافع یونس ئەو بەرپرسیارێتییەی بەڕێوەبردووە.
عەزیز محەمەد لە ساڵی ١٩٤٨ دەستگیرکراوە و لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی مەرکەزی حزبی شیوعی لە ١٩٤٩ مەجلسی عورفی عەسکەری سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر عەزیز محەممەدا سەپاند و لە ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ عەزیز محەمەد بە ھۆی سەرکەوتنی شۆڕشەوە لە زیندان ئازاد کرا و لە ساڵی ١٩٦٤ بووەتە سکرتێری حزبی شیوعی و لە کۆنگرەکانی دووەمی حزب لە ساڵی ١٩٧٠، سێیەم لە ساڵی١٩٧٦، چوارەم لە ساڵی ١٩٨٥ وەک سکرتێری حزبی شیوعی ھەڵبژێردراوەتەوە.
لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبی شیوعیدا لە ساڵی ١٩٩٣ لەسەر پێشنیازی خۆی وازی لە پۆستی سکرتێری حزبی شیوعی عێراق ھێنا و کرایە سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان.
عەزیز محەممەد یەکێکە لەو کەسایەتییە شیوعییانەی لە ساڵی ١٩٨٦دا لە لایەن حزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە مەدالیای لینینی پێبەخشرا و لە ساڵی ٢٠١٥ مەدالیای بارزانی پێبەخشرا لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی
رۆژی چوارشەممە ٣١/٥/ ٢٠١٧ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆش یەکەم رۆژی پرسەکەیەتی لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر.