عێراق

چلەی رابەری کۆچکردووی تەریقەتی قادریی سەرجەم پێکهاتەکان کۆدەکاتەوە

رۆژی رابردوو ١٣ی ئاب بەبۆنەی چلەی کۆچی دوایی رابەری کۆچکردووی تەریقەتی قادری کەسنەزانی، لەشاری سلێمانی و لە نێو تەکیەی تەریقەتدا، چلەی ماتەمینی بەڕێوەچوو.

Rewa Mahmood Hasan  | 14.08.2020 - نوێکردنەوە : 15.08.2020
چلەی رابەری کۆچکردووی تەریقەتی قادریی سەرجەم پێکهاتەکان کۆدەکاتەوە

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

١٣ی ئاب بەبۆنەی چلەی کۆچی دوایی رابەری کۆچکردووی تەریقەتی قادری کەسنەزانی شێخ محەمەد کەسنەزانی، لەشاری سلێمانی و لە نێو تەکیەی تەریقەتەکەدا، چلەی ماتەمینی بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا کە لە وڵاتانی عەرەبی، ئێران و چەندین شاری ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بەشداربوون، زیکری تایبەت بە کۆچی دوایی رابەری کۆچکردووی تەریقەتەکە ئەنجام درا

ئەوەی جێی سەرنج بوو، چەندین پێکهاتەی جیاواز لە عەرەب، تورکمان و کورد سەرجەمیان لە مەراسیمی چلەکەدا بە جلوبەرگی ئەتنیکی خۆیانەوە بەشداربوون و پێکەوە لەپاڵ یەکدا نوێژیان دەکرد و زیکریان دەخوێند.

محەمەد حەمید کە هاووڵاتییەکی تورکمانی بوو لە شاری کەرکووکەوە هاتبووە مەراسیمی چلەی ماتەمینەیەکە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی، "ئەم بۆنەیە بۆ نیشانی دانی جیاوازییەکان نیە، بەڵکو بۆ تۆخ کردنەوەی برایەتی هەموو لایەکە، چونکە موسڵمانان هەموو یەکن، هەموومان پێکەوە دەڵێین لا الە الا اللە، محمد رسول اللە، چونکە هەموومان موسڵمانین، جا چی کورد، عەرەب یان تورکمان بین".

دەروێشانی تەریقەت بە زیکر و حەی حەی، کەشێکی تەواو دەروێشانەو سۆفیگەرانەیان خوڵقاندبوو، ئەوان کە بۆ کۆچی رابەرەکەیان ماتەم دایگرتبوو، سەرجەم پێکهاتەکان بەیەکەوە لەپاڵ یەک، شان بەشانی یەکتر، بە جامانە و جزداشە و جلوبەرگی تایبەتی پێکهاتەکانی ترەوە نوێژیان دەکرد و زیکریان دەخوێند.

یەکێکی تر لە بەشدار بووانی مەراسیمی چلەی ماتەمینی شێخ محەمەد کەسنەزانی، مامۆستا عەفان حەسەن بوو، ئەو رایگەیاند کە بەبۆنەی چلەی ماتەمینی بۆ رابەر و خاوەنی تەریقەتی قادری کەسنەزانی لەو جێگەیە کۆبوونەتەوە، زیکر و ماتەمینی دەگێڕن.

بەرپرسی تەکیەی تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە کەربەلا شێخ موسلیم زەغەیبی یەکێکی تر بوو لە بەشداربوان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی، "ئەمڕۆ تەکیەی سەرەکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی بەبۆنەی چلەی ماتەمینی رابەری کۆچکردوو شێخ محەمەدەوە مەراسیمێکیان رێکخست کە لە گشت شارەکانەوە بە شیعە، سوننە، کورد، عەرەب و تورکمانەوە هاتوونەتە شارەکە تاکو لەم تەکیەیەدا یادی رابەرە کۆچکردووەکەیان بکەنەوە، زیکر دەکەن، نوێژ دەکەن، ئەمانە لە شارەکانی تری عێراق و بگرە دەرەوەی عێڕاقیشەوە هاتوون، لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێرانەوە، بۆ بەرز راگرتنی رۆحی کۆچکردوو، تەکیەکە مەدرەسەیەکەی شەرعی عیرفانی دەروێشان و سۆفیگەرییە، تێیدا زیکرەکان بەرز رادەگرن".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın