پاڵەوانێکی لەشجوانی فەڵەستینی: "بەھۆی پەیڕەوکردنی سیاسیەتی برسیی کردن لەلایەن ئیسرائیلەوە کێشم ٣٠ کیلۆگرام دابەزیووە"
- پاڵەوانی لەشجوانی فەڵەستینی،تەرتیر کە پێشتر لەلایەن ئیسرائیلەوە بەدیل گیراوە ڕایگەیاند: "بەدیلگیراوە فەڵەستینییەکان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و، ئەشکەنجەی توند دەدرێن و سووکایەتیان پێدەکرێت و ناو بەناویش لێیان دەدرێت".

Ramallah
نابلوس ــ AA
پاڵەوانی لەشجوانی فەڵەستینی تەمەن ٣٥ ساڵ، سەمیر تەرتیر کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرا و بۆ ماوەی ١٦ مانگ لە گرتووخانەکاندا ئەشکەنجەدرا، ڕایگەیاند: "خۆم نەناسییەوە، وەک ئەوەی کەسێکی دیکە بم".
سەمیر تەرتیر دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٤٨٠ ڕۆژ لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا زیندانی کرا، ڕۆژی پێنج ئاب ئازاد کرا،
تەرتیر کە لە ساڵی ٢٠١٣دا، نازناوی لەشجوانی فەڵەستینی بەدەستھێنا، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند: "بەھۆی سیاسەتەکانی ستەمکردن، ئەشکەنجەدان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، کێشم ٣٠ کیلۆگرام دابەزیووە".
هەروەها تەرتیر باسی لەوە کرد کە لە گرتووخانەی مێگیدۆ لە باکووری ئیسرائیل زیندانی کراوە و، ئەو ماوەیە لە دۆخێکی سەخت و دژورادا بووە.
ــ کاتێک لە گرتووخانە دەردەچێت دەبێت بە "ترێند"
سەمیر تەرتیر ٤٠ ڕۆژ بەرلە ئازادکردنی، لە کاتی دانیشتن لەگەڵ لێکۆڵەرێکی دەزگای ھەواڵگریی ئیسرائیل زانیوێتی چەندە کێشی دابەزیوە، ئەویش کاتێک لێکۆڵەرەکە پێی گوتووە: "تۆ خۆت نابینیت؟ کاتێک لە زیندان دەردەچیت، دەبیت بە ترێند، ئەوەش بەھۆی ئەو وێنەیەی کە بەرلەوەی دەستگیر بکرێت تۆمارت کردووە و لەگەڵ وێنەی ئێستا کە لە گرتووخانە دەردەچیت".
سەمیر تەرتیر ڕایگەیاند: "بەرلەوەی دەستگیر بکرێم، کێشم ٨٣ کیلۆگرام بوو، بەڵام کاتێک ئازادکرام و کێشم دابەزیوە بۆ ٥٤ کیلۆگرام. لە ماوەی ١٦ مانگدا لە گرتووخانە، کێشم ٣٠ کیلۆگرام دابەزیووە. کاتێک لە گرتووخانە دەرچووم خۆم نەناسییەوە، وەک ئەوەی کەسێکی دیکە بم".
تەرتیر لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە کۆڵ نادات و خۆی بەھێزتر دەکاتەوە.
ھەروەھا تەرتیر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی بەسەریدا ھاتووە لای خێزانەکەی جێگەی باوەڕ نەبووە و، گوتی: "باوکم پاڵپشتی سەرەکیم بوو لە وەرزشەکەمدا، دایکم چەندین ساڵ زۆر کاری دەکرد بۆ دابینکردن و ئامادەکردنی ژەمەکان کە گونجاو بێت بۆ من، ھەموو ئەمانە بەھۆی برسێتییەوە لە گرتووخانەدا، لەدەستم چوون".
تەرتیر باسی لەوەش کرد کە لە گرتووخانەی مێگیدۆ ستەمی زۆری لێکراوە و تەنانەت ڕێگای پێ نەدراوە بۆ ماوەی چەندین مانگ کچە تاقانەکەی ببینێت.
ــ برسیکردن و ئەشکەنجەدان
پاڵەوانی لەشجوانی فەڵەستین تەرتیر باسی لە ئازارەکانی خۆی کرد و، ڕایگەیاند: "تا ئێستا کاریگەرییەکانی زیندان و ماندووبوون ھێشتا لەسەر جەستە، ھێز و دەروونم ماوە".
گوتیشی: "بەدیلگیراوە فەڵەستینییەکان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و، ئەشکەنجەی توند دەدرێن و سووکایەتیان پێدەکرێت و ناو بەناویش لێیان دەدرێت".
تەرتیر ئەوەیشی خستەڕوو کە بەدیلگیراوە فەڵەستینییەکان، ڕۆژانە سێ ژەمەکە کۆدەکەنەوە و بە یەکجار دەیخۆن، چونکە ئەو خواردنەی پێیان دەدرێت کەمترین ژەمە خواردنە کە دەتواندرێت دابینبکرێت بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن