Zana Natık Kerem,Hamit Hüseyin
21 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2016
هەولێر ــ AA
پارێزگاری نەینەوا، نەوفل حەمادی سوڵتان پرێس كۆنفرانسێكی لەبارەی دوایین پێشهات و سەركەوتنەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ لە شاری ھەولێر ساز كرد و رایگەیاند، ئەو سەركەوتنانەی كە هێزەكانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ بەدەستیان هێناوە، كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی شارەكەی نزیك كردووەتەوە.
حەمادی سوڵتان گوتی: "لە ئێستادا هێزەكانی عێراق لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزاكانی حەزەر، بەعاج و تەلەعفەر و هەردوو ناحیەی تەل عەبتە و مەحلەبییە و ناوەندی قەزای مووسڵ لە بەشی راست نزیكبوونەتەوە و هەروەها زۆربەی گەڕەكەكانی بەشی رۆژهەڵاتی مووسڵ بە تەواوەتی لە ژێر دەستی داعش دەرهێنراون و كۆنتڕۆڵكراونەتەوە".
لە پرێس كۆنفرانسەكەدا پارێزگاری نەینەوا باسی لە پلانێكی مەدەنی كرد كە لەلایەن ئیداری پارێزگەكەیانەوە دانراوە و گوتی: "سبەی سێشەممە دەست بە جێبەجێكردنی پلانی مەدەنی دەكەین لە كەرتی سەلام و ئەگەر پلانەكە سەركەوتوو بوو ئەوە بە بەراورد لەگەڵ هەردوو پارێزگای ئەنبار و سەڵاحەددین، یەكەم پلانی خێرا دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان".
لە بەشێكی پرێس كۆنفرانسەكەدا، نەوفل حەمادی سوڵتان ئاماژەی بەوەكرد كە شوێنی جێگراوە بۆ راییكردنی كارەكانی سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكانی پارێزگاكە لە ناحیەی بەرتللە و قەزای حەمدانییە دەبێت و شوێنی بارەگای پارێزگای نەینەوا هەر لە شاری هەولێر دەمێنێتەوە.
پارێزگاری نەینەوا باسی لەوەیش كرد كە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە و پاككردنەوەی ناوچە و گەڕەكە كۆنترۆڵكراوەكانی شاری مووسڵ لە پاشماوەكانی داعش لەلایەن یەكەكانی کارگێڕی پارێزگای نەینەوا دەستپێكراوە بۆ ئەوەی تەواوی ئاسەوارەكانی داعش لەو شوێنانە بسڕێتەوە و نەمێنێت.
حەمادی سوڵتان گوتیشی: "هاوكات لەگەڵ سەركەوتنە گەورەكانی هێزەكانی عێراق بەم نزیكانە ئاڵایەكی گەورەی عێراق لەسەر شاری مووسڵ بەرز دەكرێتەوە".
نەوفل سوڵتان گوتیشی: "ئەگەر وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق نەبووایە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لە یارمەتی و هاوكاری ئاوارەكان ھیچ رۆڵی نەدەبوو لە ئێستایشدا ئیدارەی پارێزگای نەینەوا توانای نییە هاوكاری و یارمەتی ئاوارەكان بکات تەنانەت پلانە مەدەنییەكە كە بۆ ئاوەدانكردنەوە و پاككردنەوەی ناوچە و گەڕەكە كۆنتڕۆڵكراوەكان دانراوە، بەپێی پشتیوانی دارایی جێبەجێ دەكرێت".
سەبارەت بە چۆنیەتی كردنەوەی قوتابخانەكانى سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ ئەمساڵی خوێندن، نەوفەل حەمادی سوڵتان گوتی: "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی نەینەوا و بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل كردووە كە دەرگای قوتابخانەكانی ناحیەكە بەرووی قوتابییاندا بۆ ئەمساڵی خوێندن بكەنەوە، بەو پێیەی کە قوتابخانەكانی ناحیەی حەمام عەلیل وێران نەبوون".
لە كۆتایی قسەكانیدا پارێزگاری نەینەوا سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی هەرێمی كوردستانی كرد لە بەرامبەر ئەو هاوكاری و یارمەتییانەی كە پێشكەش بە ئاوارەكانی شاری مووسڵ و ناوچەكانی دەورووبەری كردووە.