Mazın Asad
21 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی دووەم 2016
حەلەب - AA
لە ئەنجامی ھێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکی سوکەری لە حەلەب کە لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە لە لایەن ھێزەکانی رژێم گەمارۆ دراوە، ٢٠ کەس کوژران.
بەرپرسێکی بەرگری شارستانی لە حەلەب بە ناوی نەجیب ئەنساری لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند بەھۆی ھێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر گەڕەکی سوکەری، ٢٠ کەس کوژرا و دوو خێزانیش لە ژێر بینایەکدا گیریان خواردووە.
ئەنساری ئاماژەی بەوە دا کە تیمەکانی بەرگری شارستانی ھەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ھاووڵاتیان لە ژێر بینا داڕماوەکان درێژەی ھەیە و گوتیشی: "فڕۆکە جەنگییەکانی ھەموو رۆژێک زیاتر لە ٥٠ ھێرش بۆ سەر ئەو ناوچانەی لە حەلەب لە لایەن رژێمی گەمارۆ دراوە، ئەنجام دەدەن. ئەمڕۆ لە چەند شوێنێکی شارەکە کۆکوژی ھاتە ئاراوە. لە ئاکامی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکان بۆ سەر گەڕەکی سوکەری، ٢٠ کەس کوژران. ھاوکات ھەر بەھۆی ھێرشەکەوە دوو خێزان لە ژێر بینایەک گیریان خواردووە".
-"تیمەکانی بەرگری شارستانی، کەسێکیان لە ژێر بینایەک رزگار کرد"
ئەنساری روونیشی کردەوە کە تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرەڕای ئەوەی خاوەن ئیمکانیەتێکی کەمن، بەڵام لە ھەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو خێزانانەی بەھۆی ھێرشەکەی گەڕەکی سوکەری درێژەی ھەیە و گوتیشی: "تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیان کەسێک لە ژێر بینایەک رزگار بکەن. فڕۆکە جەنگییەکان ھێشتا لەسەر ئاسمانییەکانی حەلەب دەسوڕێنەوە. لە ئەنجامی ھێرشەکان بۆ ناوچەکە، زیان بە ئۆتۆمبێلەکان بەرگری شارستانیش گەیشتووە. لەوبارەیەوە دوو ئۆتۆمبێلی بەرگری شارستانی بەھۆی بۆردومانەکانەوە لەکار کەوتوون. بەھۆی ئەوەی ناوچەکە لە ژێر گەمارۆی رژێمدایە، دەرفەتی گۆڕینی پارچەی ئۆتۆمبێلەکانمان نییە. رژێم بێ رەوچاوکردنی سڤیل، منداڵ و ئافرەت بۆردومانی یەکەکانی نیشتەجێ دەکات. ھەر بەھۆی ھێرشەکانەوە لە ژێر بینا داڕماوەکان، تەرمێکی زۆر دۆزراوەتەوە".
لە لایەکی دیکەوە کەسێک لە تیمی تەندروستی ناوچە گەمارۆدراوەکانی حەلەب بە ناوی ئەبو قوسەی گوتی: "رژێمی سووریا و رووسیا بە گشت چەکە قورسەکانەوە بۆردومانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب دەکەن. ھێزەکانی رژێم و رووسیا بە بۆمبی ھێشوویی، بۆمبی بەرمیلی، گازی کلۆر و بۆمبە کۆکوژەکان ھێرش بۆ سەر ناوچەکانی دژی رژێم ئەنجام دەدەن".
ئەبو قوسەی روونیشی کردەوە کە بەھۆی ھێرشەکانەوە سەدان کەسیش بریندار بووە و گوتیشی: "ھێزەکانی رووسیا و رژێم سەرەتا بۆردومانی نەخۆشخانەکانیان کرد و لەکاریان خست. لە ئێستادا نازانین بریندار و نەخۆشەکان بۆ کوێ بگوازینەوە. رووسیا و رژێمی سووریا بەشێوەیەکی چڕ بۆردومانی نەخۆشخانە، قوتابخانە و یەکەکانی نیشتەجێ دەکەن. ھاوکات ئۆتۆمبێلی تیمەکانی تەندروستیش رووبەڕووی ھێرشە ئاسمانییەکان بووەتەوە و بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری لەکار کەوتووە. لە ئێستادا ناچارین بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری چەند بریندارێک پێکەوە بگوازینەوە. ئاگادارین کە ئەم کارە ھەڵەیە، بەڵام رێگەچارەیەکی دیکەمان نییە".
جێگەی باسە لە ماوەی شەش رۆژدا لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانییەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و بە پاڵپشتی ھێزە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر رۆژھەڵاتی حەلەب، ٣٢٢ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون و ھەزار و ١٥٠ی دیکەش بریندار بوون.