Adam Abu-bashal
02 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2023
ئابوجا - AA
لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا لە نێجیریا، ٥٨ ئەندامی رێکخراوی تیرۆريستی بۆکۆ حەرام، لە چالاکی خران، هاوکات ٦٦ کەس کە لەلایەن تیرۆریستانەوە بە بارمتە گیرابوون، رزگار کران.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی بەرگریی نێجیریا، موسا دانمەدامی رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا سوپای وڵاتەکەی لە ویلایەتی بۆرنۆ ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر رێکخراوی تیرۆریستی بۆکۆ حەرام ئەنجام داوە.
دانمەدامی ئاماژەی بەوە دا کە لەمیانی ئۆپراسیۆنەکاندا ٥٨ تیرۆریست کوژراون و دەیان تیرۆریستیش بە برینداری خۆیان دەرباز کردووە.
موسا دانمەدامی ئەوەیشی خستەڕوو کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا ٦٦ کەس کە لەلایەن تیرۆریستانەوە بە بارمتە گیرابوون، رزگار کران، ٨٧٦ تیرۆریستیش خۆیان رادەستی سوپا کرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا پەناگەکانی تیرۆریستان بۆردومان کران و دەست بەسەر چەک و تەقەمەنیەکانیاندا گیرا.
رێکخراوی تیرۆریستیی بۆکۆ حەرام لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە نێجیریا سەری ھەڵدا و بەھۆی پەلامارەکانی رێکخراوەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٩وە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس کوژراون.
لە ساڵی ٢٠١٥وە بۆکۆ حەرام چالاکییەکانی بردووەتە وڵاتانی دراوسێی نێجیریا وەک کامێرون، چاد و نهیجەر و دیارترین پەلاماریشی ھێرشکردنە سەر دەورووبەری دەریاچەی چاد بوو کە تیایدا زیاتر لە دوو ھەزار کەس کوژران.
بە هۆی هێرشی تیرۆریستيی و ململانێکان لەو وڵاتەدا سەدان هەزار کەس ناچار بوون کۆچ بکەن.