٥٧هەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێڕی و کۆنفرانسیOANA لە چین بەڕێوەچوو
Hainan
بۆئاو - AA
٧٥هەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێڕی و کۆنفرانسی یەکێتیی ئاژانسەکانی هەواڵی ئاسیا-پاسفیک (OANA) لە ویلایەتی هاینانی چین بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە لە شاری بۆئاوی چین بە میوانداری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی ئاژانسی هەواڵی شینهوای چین، فو هوا و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی هەواڵی ڕووسی تاس (TASS) ، ئاندری کۆندراشۆڤ کە سەرۆکی خولی ئێستای یەکێتییەکەیە ئەنجامدرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکانی هەواڵی ئەندامی یەکێتییەکە بەشداربوون، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز و بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، بیلگەهان ئۆزتورک بەشداریان کرد.

ئەندامانی ئەنجوومەنی کارگێڕی OANA، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا داوای دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕۆژنامەنووسان دەرێت لە ناوچەکانی ململانێ و پێکدادانەکاندا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ "ڕۆژنامەنووسانی ناوچەکانی ململانێ و پێکدادانەکان خزمەتی گشتیی ئەنجام دەدەن و، بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵی درۆ، بەرگریی لە مافی خەڵک بۆ وەرگرتنی زانیاری دەکەن. پێویستە پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان یەکێک بێت لە کارە لە پێشینەکانی دامەزراوە حکومییەکانی هەموو وڵاتان".
سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو، سەردار کاراگۆز، دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی ئاژانسی شینهوا فو کە میوانداری کۆبوونەوەکەی دەکرد، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کاراگۆز ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٦دا میوانداری و سەرۆکایەتیی ٣١هەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی (COP) ڕێککەوتنامەی چوارچێوەیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەکات، کە باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە.
کاراگۆز ئەوەیشی خستەڕوو کە ئاژانسی ئانادۆڵو پێش ئەم لووتکەیە کۆڕبەندێکی ژینگەیی ڕێکدەخات، کە تیایدا بەرپرسیارێتی دامەزراوە هەواڵییەکان لە کێشە ژینگەییەکاندا تاوتوێ دەکرێت و، بانگهێشتی فو و تیمی شینهوای کرد بۆ تورکیا بۆ بەشداری کردن لەو کۆڕبەندەدا.
