Şerife Çetin,Ömer Aşur Çuhadar
11 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2024
واشنتۆن ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان نۆئێل بارۆت پرسی تێوەگلانی کۆریای باکووریان لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنتۆنی بلینکن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ جان نۆئێل بارۆت قسەی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دۆخی ئۆکراینا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی لێکەوتەکانی تێوەگلانی کۆریای باکوور لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا پاڵپشتی وڵاتەکانیان بۆ ئۆکراینا، دووپات کردووەتەوە.
لە ٢٥ی مانگی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ڕایگەیاندبوو کە زانیارییان بەدەست گەیشتووە، لەوەی کۆریای باکوور زیاتر لە سێ ھەزار سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە ھەنگاوەکانی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ شەڕەکان لە غەززە و لوبنان کراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا جەختیان کردووەتەوە لەسەر پرسی کۆتاییھێنان بە شەڕ لە غەززە و ئازادکردنی بەدیلگیراوەکان، ھەروەھا گەیاندنی ھاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ غەززە.