وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: "جەیمس جێفری ئێوارەی رۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە ھەولێر"
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، جەیمس جێفری ئێوارەی رۆژی یەکشەممە گەیشتووەتە شاری ھەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە میانی سەردانەکەشیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
Arbil
ھەولێر - AA

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ماڵپەری فەرمی خۆی راگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی جەیمس جێفری بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە: "جەیمس جێفری ئێوارەی رۆژی یەکشەممە گەیشتە شاری ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستانی عێراق، لەوانەش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە".
ئاماژە بەوەشدراوە کە "باڵیۆز جێفری تاوتوێی ھەماھەنگی بەردەوام بۆ دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی یەکجارەکی داعش لە عێراق و سووریا و ھەوڵی بەردەوامی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش دەکات".
ھەربەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەیمس جێفری لە سەرجەم کۆبوونەوەکانیدا جەخت لە پشتیوانی بەردەوام بۆ ھێزەکانی ئەمنی عێراق، لە نێویشیاندا ھێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژبە داعش دەکاتەوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە جەیمس جێفری جەخت لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ عێراقێکی بەھێز و خاوەن سەروەری دەکاتەوە.