Islam Doğru
03 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2021
نیویۆرک - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند لە سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی رۆژنامەنووس جەمال خاشقجی-دا کە لە کۆنسولخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ کوژرا، بەڕێزەوە یادی ژیانی نائاسایی و میراتەکەیان کردووەتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەموو شوێنێک لە پاڵ بنەماکانی مافی مرۆڤدایە و هاتووە ''لە یادی ئەودا، ئێمە بەڵێن دەدەین بە بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین و پاراستنی رۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ناڕازییان لە هەموو شوێنێک".
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەنگاو نراوە بۆ ئەوەی تاوانەکانی هاوشێوەی کوشتنی خاشقجی دووبارە نەبێتەوە، ئەو حکوومەتانە بە ئامانج گیراون کە گوشار دەخەنە سەر رۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆن لە هەر شوێنێکی جیهان بن، ئەو کەسانەشی لەوەدا تێوەگلابن پێدانی ڤیزە پێیان سنووردار کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە سنووردارکردنی پێدانی ڤیزەیان بەسەر ٧٦ هاووڵاتی سعوودییەدا سەپاندووە کە پێیان وایە هەڕەشەیان لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات کردووە، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئەمریکا مافی مرۆڤی خستووەتە چەقی سیاسەتی دەرەوەی خۆی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە بەڕێزەوە یادی ژیانی نائاسایی و میراتی خاشقجی کراوەتەوە و هاتووە ''بە دڵنیایییەوە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکادایە و ئاسایشی نەتەوەییمان بەهێز دەکات".
رۆژنامەنووسی واشنتۆن پۆست، جەمال خاشقجی کە بە رەخنەکانی لە حکوومەتی سعوودیە ناسراوبوو، دووی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، بۆ راپەڕاندنی کاری تایبەت بە پرۆسەی هاوسەرگیریی، سەردانی کۆنسولخانەی سعوودیەی کرد لە ئیستانبوڵ، بەڵام لە بینای کۆنسولخانەکە نەهات دەرەوە، دواتر دەرکەوت کە لەناو کۆنسولخانەکەدا کوژرا و تەرمەکەی پارچە پارچە کراوە.