Mazın Asad
27 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و یەپەگە منداڵی بچووکیان بەکارھێناوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتێکی لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و یەپەگە منداڵانی ئێزیدی و کوردیان بۆ خۆیان بەکارھێناوە و ھاتووە "پەکەکە و یەبەشەی گرووپی میلیشیای چەکداری ئێزیدی و ھەندێکیان، منداڵانی کوڕ و کچی کورد و ئێزیدی تەمەن ١٢ ساڵانیان لە پێکدادانەکانی باکووری عێراق بەکارھێناوە و بەزۆری بۆ ئەرکی پشتیوانی کۆیان کردووەتەوە و بەکاریان ھێناوە. ئەگەر سەیری نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و میدیا بکرێ، ئەوا حکوومەتی عێراق مووچەی بە یەبەشە داوە".
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە بێ ئەوەی سنووری ھەبێت منداڵان لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، حەشدی شەعبی، ھێزە عەشیرەتەکان، پەکەکە و میلیشیاکانی لایەنگری ئێران و زۆرێک لەو گرووپانەی لە عێراق چالاکییان ھەیە، کۆکراونەتەوە و بەکارھێنراون.
ھەر لە راپۆرتەکەدا ھاتووە "یەپەگە سەرەڕای ئەوەی لە نێوەندێکی نێودەوڵەتی واژووی لەسەر ئازادکردنی منداڵە شەرخوازەکانی خوار تەمەن ١٨ ساڵانی داوە، کەچی لە ساڵی ٢٠١٦دا منداڵانی ١٢ ساڵانی کۆکردووەتەوە و مەشقی پێیان کردووە".
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکس تیلەرسن لە روونکردنەوەیەکیدا لەبارەی راپۆرتەکە رایگەیاند: "پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، تراژیدیاترین پرسی مافەکانی مرۆڤە لەم سەردەمەدا".
تیلەرسن ئاماژەی بەوەش دا کە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، خێزانەکان پارچە دەکات و بازارەکانی جیھان تێکدەدات و پێشێلکارییەکی روونیشی سەروەری یاساییە و راشیگەیاند ئەو تاوانە لە پێشەنگی تاوانەکانی دیکە دێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە بازرگانیکردن بە مرۆڤ ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیش دروست دەکات و گوتیشی: "لە ھەمووشیان خراپتر مرۆڤ لە ئازادی و شکۆ بێبەش دەکات".