وەزارەتی بەرگریی تورکیا: "بە هەماهەنگی لەگەڵ لیبیا لێکۆڵینەوەی ورد له هۆكاری كهوتنهخوارهوهی فڕۆكهكه دەکرێت"
Ankara
ئەنقەرە - AA
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ھەفتانە بۆ خستنەڕووی زانیاریی کە بەبۆنەی ٥٠ھەمین ساڵیادی دامەزراندنيیەوە لە کۆمپانیای ئاسێڵسان (ASELSAN) بەڕێوەچوو، بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.
ئاکتورک سەرەخۆشی لە گەلی لیبیا کرد و داوای ڕەحمەتی لە خواد کرد بۆ سەرۆک ئەرکانی سوپای لیبیا، فەرماندەی ھێزەکانی وشکانیی، ئەندامانی شاندی سەربازیی یاوەریان و تیمی فڕۆکەوانیی ئەو وڵاتە، کە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمدا دوای ئەنجامدانی سەردانێکی فەڕمی بۆ تورکیا و لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ لیبیا بەھۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان گیانیان لەدەستدا.
زەکی ئاکتورک باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پیشەسازیی بەرگرییدا، بڕیارە بەمزووانە چەندین سیستمی پێشکەوتووی وەک ڕاداری ALP ١٠٠-G و مووشەکەکانی HİSAR-A و SİPER ڕادەستی سوپای تورکیا بکرێن، لەم ھەفتەیەشدا ژمارەیەک زرێپۆش، کامێرای گەرمی و بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنییان ڕادەستی سوپا کردووە.
ئاکتورک ئەوەیشی خستەڕوو کە لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا، چوار تیرۆریستیی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە و، کۆی گشتیی ئەو توونێلانەی لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی سووریا تێکدراون گەیشتووەتە ٧٣٧ کیلۆمەتر.
ھەروەھا ئاکتورک ڕایگەیاند کە لە ماوە ھەفتەی ڕابردوودا ١٢٣ کەس لە کاتی بەزاندنی سنوورەکان دەستگیرکراون و، ٣٣١ کەسی دیکە ڕێگرییان لێکراوە، گوتیشی: "تێکڕای ئەو کەسانەی لەمساڵدا دەستگیرکراوان گەیشتووەتە نۆ ھەزار و ٨٠٦ کەس".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاکتورک، ئەوەی وەبیرھێنایەوە فڕۆکەی جۆری "فالکۆن-٥٠" کە سەرۆک ئەرکانی سوپای لیبیا و شاندی سەربازیی یاوەری تێدابوو، بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە لە ناوچەی ھایمانە لە ئەنقەرە کەوتووەتە خوارەوە و، سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستاشدا سندوقی ڕەشی فڕۆکەکە دۆزراوەتەوە و لێکۆڵینەوەی ورد بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنی لیبی دەستی پێکردووە.
سەبارەت بە دوایین دۆخی سووریا، ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە ھێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە/ھەسەدە زیان بە سەقامگیریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەگەیەنن. جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا پشتیوانی لە بنەمای "یەک دەوڵەت، یەک سوپا" لە سووریادا دەکات.
ئاکتورک سەبارەت بە ھاوکارییە سەربازییەکانی نێوان یۆنان، ئیسرائیل و قوبرسی باشوور (بەشە ڕۆمییەکەی قوبرس) باسی لەوە کرد کە ئەم ھەنگاوانە نابنە ھەڕەشە بۆ سەر تورکیا. دووپاتیشی کردەوە کە ئەنقەرە دەستبەرداری مافەکانی نابێت لە کۆماری تورکی قوبرسی باکوور و وەک وڵاتێکی گەرەنتیکار بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی دەکات.
ھاوکات ئاکتورک بانگەشەکانی یۆنانی لەبارەی "پێشێلکردنی کایەی ئاسمانی" ڕەتکردەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە فڕینی فڕۆکەکانی تورکیا لە کایەی نێودەوڵەتیدا ئەنجام دەدرێن و، تورکیا لەگەڵ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەیە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیەتی باشدا.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
