Sarp Özer
20 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2021
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار رایگەیاند: "بە دانانی میکانیزمی گونجاو رەنگە لە قۆناغی داهاتوودا هاریکاری تورکیا-عێراق و تورکیا-هەولێر ببێتە هۆی کۆمەڵێک پێشهاتی زۆر گرنگ لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
ئاکار بە یاوەری شاندێک کە سەرۆک ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی، یاشار گولەریان لەنێودابوو سەردانە فەرمییەکەی بۆ عێراق کۆتایی پێهێنا.
لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا کە لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت ئەنجامدرا، ئاکار لە ماوەی ٣٦ کاتژمێردا هەشت کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا کە سەرکردەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێمیان لەنێودابوو.
لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا، ئاکار لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە رێوڕەسمێکی سەربازییدا پێشوازی لێکرا و، لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، جومعە عناد سەعدون ئەلجبووری کۆبووەوە. پاشان ئاکار و شاندەکەی لە لایەن سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵحەوە پێشوازی لێکرا و، دواتریش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، موستەفا کازمی و وەزیری ناوخۆ، عوسمان عەلی فەرهود غانمی کۆبووەوە.
ئاکار دوای دیدار و کۆبوونەوە چڕەکانی لە بەغدا، سەردانی هەولێری کرد و، بە جیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
دوایین وێستگەی سەردانەکەی ئاکار و شاندی یاوەری نووسینگەی هەولێری بەرەی تورکمانی تورکمانی عێراق بوو، کە لەگەڵ تورکمانەکان کوبووەوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاکار، لە کۆتایی بەرنامەی سەردانەکەیدا، لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر، باسی لە دیدار و کۆبوونەوە چڕەکانی کرد و، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
ئاکار ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکانی لە بەغدا و هەولێر ئەرێنیی بەڕێوەچوون و، رایگەیاند: ''بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد لەبارەی بابەتەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەتایبەتی بابەتە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە. خۆشحاڵبووین بەوەی لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا بۆچوون و هەڵوێستەکانمان لەیەکتری زۆر نزیک بوون. لە زۆر بابەتدا هاوڕابووین. لەو بابەتانەشدا لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر کارەکانمان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست هەم لەڕووی ئاسیشی عێراق، هەمیش ئاسایشی تورکیا''.
ئاکار باسی لەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکاندا لەبارەی بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک گۆڕەپانی ململانێی نێوان هێزە جیاوازەکان قسەیان کردووە و، رایگەیاند: "پێمان خۆش نییە و پێمانوایە کە ئەوە گونجاو نییە. بە دڵنیاییەوە هەندێک ئاستەنگ هەن، بەڵام پێمانوایە ئەوانە بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر دەبن. جوگرافیای عێراق تایبەت و جوانە. دەبێت ئەو جوگرافیا جوانە لە تیرۆریستان رزگاربکرێت و هەرچی زووە بە ئارامی بگات و ببێتە وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەران. لە کۆبوونەوەکانیشدا دەیانجار باسمان لەوە کرد کە ئامادەی پشتیوانین''.
خوڵوسی ئاکار جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا رێز لە یەکپارچەیی خاکی هەموو دراوسێکانی دەگرێت و، گوتی: ''ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئاسایشی سنووری تورکیا-عێراق و ئاسوودەی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی ناوچەکەیە. لێرەدا جارێکی دیکە باسمان لەو پێداگرییە کردەوە. بە چڕوپڕی بە موخاتەبەکانمان راگەیاند لەبارەی ئەنجامدانی چالاکی پێویست دژ بە پەکەکە و هاوکارانیان. کارەکانمان بە بێ بچڕان لەو بارەیەوە بەردەوامە. لە ئێستادا گوشاری زۆر جددیمان کردووەتە سەر پەکەکە و، چاودێری هەنگاو بە هانگاویان دەکەین و، تا لەچالاکی خستنی دوایین تیرۆریست بەردەوامدەبین لەسەر خەباتەکەمان. دووبارە و دووبارە باسمان لەوە کرد کە پێداگرین لەسەر ئەوەی کە ئیدی وڵاتەکەمان و گەلە ئازیزەکەمان لەو بەڵایە رزگار بکەین''.
- "کاریگەرییەکەی بەشێوەیەکی کرداری دەردەکەوێت"
وەزیری بەرگری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە لایەنی بەرامبەر بەسەرنجەوە گوێی بۆ قسەکانیان گرتووە و رایگەیاند: "ئەوەمان بینی کە ئەوانیش بیرکردنەوەیەکی هاوشێوەی ئێمەیان هەیە. دەربارەی پلانەکانمان بۆ رۆژانی ئایندە دواین. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان و کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ شاندەکانی لایەنی بەرامبەر. لە ئایندەیەکی نزیکیشدا کاریگەری ئەرێنی ئەم کۆبوونەوانە بەشێوەیەکی کرداری دەردەکەون".
لە بارەی دەستەواژەی "کاریگەرییەکەی بەشێوەیەکی کرداری دەردەکەوێت"، پرسیاری ئەوە لە ئاکار کرا کە ئایا مەبەستیان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە؟ لە وەڵامدا گوتی: "لە سەرەتاوە تا ئێستا لەبری قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکەین و لە بواری گۆڕێنەوەی زانیارییدا میکانیزمی گونجاو دروستدەکەین. لایەنی بەرامبەریش لەم بارەیەوە ئیرادەی خۆیان خستەڕوو. بەتایبەت دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە ئیرادەی حکوومەتی هەرێم دەربارەی ئەم پرسە زۆر پڕمانا و سەنگینە".
وەزیری بەرگری تورکیا، لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی گرنگی پشتیوانییەکانی تورکیا بۆ حکوومەتی ناوەندی بەغدا و بەهێزکردنی سوپا، ئەوەی وەبیرهێنایەوە قۆناغی دووبارە رێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی عێراق بەردەوامە و لەم بوارەدا هاوکاری حکوومەتی عێراق دەکەن.
ئاکار، گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکانماندا باسمان لەوە کرد کە هەوڵدەدەین زانیاری و ئەزموونەکانی خۆمان وەک ئەندامێکی ناتۆ بگوازینەوە بۆ برا عێراقییەکانمان، مەشق و مانۆڕی هاوبەش ئەنجامدەدەین. هەروەها لە بارەی فێربوونی زمانیشەوە لەگەڵ عێراق رێککەوتوین. کارمەندەکانمان بۆ فێربوونی زمان، دەنێرینە وڵاتی یەکتر".
وەزیری بەرگری جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا لە قۆناغی سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان-دا لە بواری پیشەسازی سەربازی و دروستکردنی چەک سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لەم بوارەشدا هاوکاری هێزە سەربازییەکانی عێراق دەکات.
- ئامادەیی پەکەکە لە شنگال
ئاکار لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا-ی بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شنگال وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکانماندا باسمان لە پرسی شنگال کرد و هەندێک زانیاریمان لەو بارەیەوە وەرگرت. لە ئیستادا زانیاری ئەوەمان هەیە کە پەکەکە بە تەواوی لە دەوروبەری شنگال نەکشاوەتەوە. لە ئێستادا کارەکانی حکوومەتی عێراق بۆ دەرکردنی پەکەکە لەو ناوچانە بەردەوامن، پێشیان راگەیاندین کە لە قۆناغی ئایندەدا تیرۆریستان لەو ناوچانە دەردەکەن. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێری رەوشەکە دەکەین. بە لایەنەکانمان گوتووە ئەگەر پشتیوانیان دەوێت ئێمە ئامادەین پشتیوانییان پێشکەش بکەین".
خولوسی ئاکار، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری عێراق گورزێکی کوشندەیان لە رێکخراوی تیرۆرستی وەشاندوە و گوتی: "لە قۆناغی ئایندەدا هەماهەنگییەکانی نێوان تورکیا- عێراق و ئەنقەرە- هەولێر رۆڵێکی زۆر گرنگیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا دەبێت. لایەنی بەرامبەریش لەم بابەتەدا هەمان خواستی هەیە. دوای ئەوەی دەربارەی رەوشی ناوچەکە و جیهان گفتوگۆمان کرد ئەوەمان بینی کە پەکەکە چیتر هیچ پەناگەیەکی نەماوە و کۆتایی نزیکبووەتەوە. لەم بابەتەشدا کارەکەمان چڕ کردوەتەوە و هەم عێراق و هەم وڵاتەکەمان لەم بەڵای تیرۆرە رزگار دەکەین. لەم بوارەشدا هەماهەنگییەکانمان بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامن".
ئاکار باسی لەوەش کرد کە لە کۆتایی سەردانەکەیدا چاوی بە تورکمانەکانی عێراق کەوتووە و گوتی: "پێکەوە گفتوگۆمان کرد و گوێمان لە کێشەکانیان گرت. لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێم بۆ دابین کردنی ئاسایش و ژیانێکی ئاسودە بۆ خوشک و برا تورکمانەکانمان دەکەین. پشت بەخوا لە ئایندەدا پێشهاتی ئەرێنی بۆ تورکمانەکان روودەدات".