Rewa Mahmood Hasan
10 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئێرانی بە هەڕەشەئامێز لەقەڵەم داو بەشێوەیەکی نادیار هەڕەشەی لە ئێران کرد و لەلایەکی تریش رایگەیاند کە ئەوان ئامادەن بۆ قسە کردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لەسەر رێککەوتنێکی تری ئەتۆمی.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە میانی بەشداری کردنی لە چالاکییەکی کۆشکی سپیدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە دوایین گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا-ئێرانی کرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئێران بۆ ئەمریکا هەڕەشەیە و گوتی، "ئێران زۆر هەڕەشەئامێزانە مامەڵەی دەکرد. (لەبارەی ئێرانەوە) ئەو شتانە دەزانن کە حەز دەکەن بیزانن. هەربۆیە دەبێت رێوشوێن بگرینە بەر بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەگەری پێکدادانی سەربازی هەیە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا، ترەمپ گوتی، "هەمووکات دەتوانن ئەمە بڵێن. ناتوانم بەمە بڵێم نەخێر بەڵام هیوادارم شتێکی وا روو نەدات". ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو خوازیار بووە سەرکردەکانی ئێران پەیوەندی پێوەبکەن بەڵام وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری ئامۆژگاری ئێرانییەکانی کردووە کە نابێت لەگەڵ ترەمپ قسە بکەن".
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە لەکاتێکدا کیری لە ئەرکێکی رەسمیدا نیە هەوڵی لەو چەشنە دەدات و ئەوەشی بە پێشێلکاری یاساکان وەسف کرد و گوتی، "پێویستە بۆ ئەم مەبەستە کیری دادگایی بکرێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە دوای جیابوونەوەیان لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە (ئێران) تابڵێی بەرەو خراپی چووە و جەختی کردەوە ئەوەی لەسەر ئێران پێویستە بیکات ئەوەیە"، پەیوەندیم پێوەبکەن، با دانیشین و رێککەوتنێکی دادپەروەرانە ئەنجام بدەین. ئێمە نامانەوێت ئەوان ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئەوەی دەمانەوێت زۆر نییە. دەشێت ئەمە سەرلەنوێ ئەوان بهێنێتەوە دۆخێکی باش. نامانەوێت زیان بە ئێران بگەیەنین".
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر بێتو ئێران واژوو بکات لەسەر رێککەوتنێک کە ئەمریکا رەزامەندە لەسەری ئەوا ئامادەن یارمەتی دارایی پێشکەش بە ئێران بکەن و دۆخی کۆریای باکووری بە هەمان نموونە هێناییەوە.