Mohammed Hamood Ali Al Ragaw
19 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2022
بەرلین ــ AA
حکوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، رۆژی شەممەی داھاتوو راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز گەشتێک بۆ ناوچەی کەنداو دەست پێ دەکات کە ھەریەک لە سعوودیە، ئیمارات و قەتەر لەخۆدەگرێت.
ماڵپەڕی کەناڵی عەرەبییە بڵاوی کردەوە، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا کە ناوی ئاشکرا نەکراوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە، رۆژی شەممەی داھاتوو، ئۆلاف شۆلتز گەشتێک بۆ ناوچەی کەنداو دەست پێ دەکات کە دوو رۆژ دەخایەنێت.
گوتەبێژەکەی حکوومەتی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەداوە، ئۆلاف شۆلتز لەسەرەتای گەشتەکەیدا، سەردانی سعوودیە دەکات و رۆژی یەکشەممەی داھاتووش سەردانی ئیمارات دەکات و دواتر دەچێتە قەتەر.
باسی لەوەشکردووە کە ئۆلاف شۆلتز دوای سەردانەکەی بۆ قەتەر کۆتایی بە گەشتەکەی دەھێنێت و دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا.
تا ئێستا بەرپرسانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر ھیچ لێدوانێکیان نەداوە لەبارەی سەردانەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز بۆ ناوچەکە.