Zana Natık Kerem
20 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەرلین لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركڵ كۆبووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا، چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوكارییە هاوبەشەكانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا لە سەرجەم بوارەكاندا تاوتوێكراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە كە دۆسیەی هاوبەشی ئەڵمانیا و عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەگەڵ دۆسیەی یارمەتییەكانی ئەڵمانیا لە دووبارە ئاوەدانەكردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان و هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بۆ عێراق لە بواری پەرەپێدانی كەرتی كارەبا و رۆڵی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا لەو كەرتە و كەرتەكانی دیكە خراونەتە بەرباس.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە چوارچێوەی گەشتێكدا بۆ ژمارەیەك وڵاتی ئەورووپا، گەیشتبووە فەڕەنسا و ئەمڕۆیش گەیشتە ئەڵمانیا و دواتر سەردانی بەریتانیا دەكات.