Hamdi Yıldız
13 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2023
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئەدرەعی لە هەژماری تویتەر بڵاوی کردەوە کە دوێنێ شەو فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی، خاڵێکی ژێرزەوی حەماس-یان کردووەتە ئامانج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە کە تیایدا مووشەک دروست کراوە و کەرەسەی خاوی تیادا بووە.
ئەڤیخای ئەدرەعی باسی لەوە کرد کە ئەو هێرشە وەک بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی مووشەکیی ئەنجامدراوە کە لە رۆژی شەممە ١١ی شوبات لە کەرتی غەززەوە کرایە سەر ئیسرائیل.
ئەدرەعی هەروەها باسی لەوە کرد کە ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەکان رێگریکردنە لە هێزی حەماس و هەوڵەکانی پڕچەککردنی، هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە حەماس باجی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئیسرائیل دەدات.
گەواهیدەرانی ناو کەرتی غەززە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هێرشەکەیان پشتڕاست کردەوە و باسیان لەوە کرد کە بۆردومانەکان زیانی ماددی بە ناوچەکە گەیاندووە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی لە شارەکە هێشتا هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بوون و نەبوونی زیانی گیانیی لەو هێرشانەدا بڵاونەکردووەتەوە.