Hamdi Yıldız
26 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2020
کەرتی غەززە - AA
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند خاڵێکی كەرتی غەززە.
بەپێی ئەو زانیاریەی لە سەرچاوەکانی کەرتی غەززەوە دەستکەوتووە، هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی ئەلبورەیج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە و ناوچەی دێر بەلح.
بە گوێرەی ئەو زانیارییەی گەواهیدەرانی ناوچەکە داویانە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، بە هۆی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ناوچەی توهاف لە بەشی خۆرهەڵاتی شارەکە، شوێنی نیشتەجێبوونی مەدەنی، نەخۆشخانەی منداڵانی محەمەد دوراک و ناوەندی بوژانەوەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان زیانیان بەرکەوتووە.
سوپای ئیسرائیل، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر، بانگەشەی ئەوەی کرد كە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنێکی دروستکردنی مووشەک، تونێلێک و ناوچەیەکی سەربازی سەربە بزووتنەوەی حەماس.
پێشتریش سوپای ئیسرائیل لە روونکردنەوەیەکیدا باسی لەوە کردبوو کە دوو مووشەک لە کەرتی غەززەوە ئاڕاستەی هەندێ ناوچەی وڵاتەکەی کراوە و لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە خراونەتە خوارەوە.