نەتەوە یەکگرتووە: "کوشتنی شەش ڕۆژنامەنووس لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە"
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە ڕێگا بدرێت، ڕۆژنامەنووسان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیھانییەوە بە سەلامەتی و بەبێ دروستکردنی ھیچ ئاستەنگێک، بچنە ناو کەرتی غەززەوە.

Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کوشتنی شەش ڕۆژنامەنووس لە شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە تایبەت بە مافی مرۆڤ.
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، سەرکۆنەی کوژرانی شەش ڕۆژنامەنووسی لە شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کردووە و نووسیوویەتی: "پێویستە ئیسرائیل گیانی سەرجەم خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە بپارێزێت لەنێویاندا ڕۆژنامەنووسان".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەو شەش ڕۆژنامەنووسەی کە دوێنێ یەکشەممە لە شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە تایبەت بە مافی مرۆڤ".
ھەروەھا داواشی کردووە کە ڕێگا بدرێت، ڕۆژنامەنووسان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیھانییەوە بە سەلامەتی و بەبێ دروستکردنی ھیچ ئاستەنگێک، بچنە ناو کەرتی غەززەوە.