Heman Hussein Yaseen
12 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، بۆریس بیستۆریۆس کرد.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێم، لە کۆبوونەوەیەکدا، نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی ئەڵمانیای لە پشتیوانیکردنی عێراق و ھەرێم لە شەڕی دژی داعشدا کرد، ھەروەھا ھاوکاریی ھێزەکانی ئەڵمانیای لە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و یارمەتییەکانی ئەڵمانیای بۆ پێکھاتەکان، بەتایبەتی ئێزدییان بەرز نرخاند.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیری و فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی لەگەڵ عێراق و ھەرێم لە ھەموو بوارەکاندا کردەوە. ھەروەھا خۆشحاڵیی خۆی بە ئەرکی ھێزەکانیان لە ھەرێم نیشان دا و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، پەیوەندییەکانی ھەولێرـ بەغدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
بەپێی زانیارییەکان ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ عێراق و ھەرێم، بەشێکی پەیوەستە بەو گۆڕانکاری و پێشھاتانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سووریا ڕوودەدەن. ھەروەھا ڕۆڵی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆر تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت.
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا دوێنێ سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی و وەزیری بەرگری عێراق سابت عەباسی کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت ئەڵمانیا لە جاران زیاتر بایەخ بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بدات.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە لە ھەشتی ئەم مانگەوە گۆڕانکاری بەسەر دۆخی سووریادا ھاتووە، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی ئوردنی کردبوو، لەوێ لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی کۆببووەوە.
پێشبینی دەکرێت دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆریس بیستۆریۆس سەردانی سەربازانی ئەڵمانیا لە ھەولێر بکات.