Heman Hussein Yaseen
17 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2025
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسیی مەجید تەخت ڕەوانچی کرد.
سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی لە ھەولێر پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران مەجید تەخت ڕەوانچی و شاندێکی یاوەری کرد و کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، هەردوولا تیشکیان خستەسەر سەردان و کۆبوونەوەکە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی، ئابووری و بازرگانییەکان کردەوە.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی ھەرێم نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەمە یەکەمجارە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی هەرێم دەکات، لەم دیدارەدا کۆمەڵێک تەوەر باسکران، بێگومان ئێمە لە ھەرێمی کوردستان بڕوامان وایە، پەیوەندیی بەھێز و ھاوسەنگ لە نێوان عێراق و ئێران بۆ بەھێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە زۆر پێویست و گرنگە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان کردووەتەوە لەپێناو بەدیھێنانی ئاسایش و سەقامگیریی و فراوانکردنی ھاوکاریی ھاوبەش لە ھەموو بوارە جیاجیاکاندا، وەک بواری ئابووری، بازرگانی، فەرھەنگی و ئەمنی، هەروەها دووپاتیشی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "جەختمان کردەوە لەسەر بەرەو پێشبردنی پەیوەندی ئابووری و دووپاتمان کردەوە لە پابەندبوونی خۆمان لەچوارچێوەی ئەم میکانیزیمەی کە لە ڕووی ئەمنییەوە دانراوە بۆ ئەوەی عێراق و ھەرێم نەبنە سەرچاوەی ھەڕەشە بۆ سەر ئێران".
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕەوانچی گوتی: "دوێنێ سەردانی بەغدام کرد و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دانوستانێکی باشمان هەبوو، ئەمڕۆش لە گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەبوو، لە زۆر بواری باشدا گفتوگۆمان کرد، بێگومان لەگەڵ ھەرێم ھاوبەشێکی زۆری کولتووری و ئایینی و مێژوویمان ھەیە، ھەموو ئەوانە ھاوکارییمان دەکەن کە پەیوەندییەکانمان زیاتر لە جاران بەھێز بکەین بە تایبەت لە بواری ئابوورییدا".
ڕەوانچی گوتیشی: "بابەتی ئەمنیی یەکێکی دیکە لەو پرسانە بوو کە گفتوگۆی لەسەرکرا، پێمان وایە ئاسایشی عێراق و هەرێم ئاسایشی ئێمەیە و، دەبێت دەست بدەینە دەستی یەکتر بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی کە هەیە چارەسەریان بکەین".
جێی ئاماژەیە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، مەجید تەخت ڕەوانچی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی کۆبووەوە و تاوتوێی چەند بابەتێکیان کرد لەوانە دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێم و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەروەھا جەخت لە برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە کرایەوە بەتایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵۆگۆڕیی بازرگانی لەسەر بنەمای بەرژوەندیی ھاوبەش.