26 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا، نووژین مستەفا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە دیداری سەرۆکوەزیران، پوختەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی پەنابەرانی سووریا لە دەرەوەی وڵات پێشکەشکرد و ھیوای خواست حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران پشتیوان و ھاوکاری کار و چالاکییەکانی بن، بەتایبەتی کە بەنیازە بۆ خزمەتی زیاتر رێکخراوێکی کۆکردنەوەی کۆمەک و ھاوکاری بۆ پەنابەران دابمەزرێنێت.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ سەرخستنی کار و چالاکییەکانی نووژین مستەفا نیشان دا و ھیوای خواست لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمی بەردەوام بێت تاکو بەبێ جیاوازی ببێتە دەنگی ھەموو پێکھاتەکانی سووریا، بەو ھیوایەی دۆخی ئەوێ ئاسایی ببێتەوە و ھەموو پەنابەران بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی ئاسایی بکەنەوە.
نووژین مستەفا کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، خەڵکی کۆبانێ یە و بەمەبەستی بەشداریکردن لە پرۆگرامی تێدێکس نیشتمان لە ھەولێر، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە.