Sarmand Hameed
17 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ دۆحە، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی قەتەر، خالد بن خەلیفە بن عەبدولعەزیز ئال سانی کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پێشبنییەکان بۆ داھاتووی پرۆسەی سیاسیی لە عێراق، برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ قەتەر بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانی و کشتوکاڵی و گەشتیاریدا، پەتای کۆڤید_١٩، لێکەوتەکانی و پرۆسەی کوتان بە ڤاکسینی دژی پەتاکە لە عێراق و قەتەر، گەشتە راستەوخۆکانی ھێڵی ئاسمانیی قەتەری بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق، تاوتوێ کراون.
ھەردوولا جەختیان لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ قەتەر کردەوە و باسیان لە دەرفەتی سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنانی قەتەری لە ھەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ تەواوی عێراق کرد وەک بازاڕیکی گەورە بەتایبەتی لەو بوارانەدا کە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق پێویستن، ھەروەھا ھەنگاوەکانی کردنەوەی کۆنسولخانەی گشتیی قەتەریان لە ھەولێر تاوتوێ کرد.
دوایین پێشھاتەکانی بەرەنگاربوونەی تیرۆر و ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، رێگە و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بیری توندڕەوی، دۆخی ئاوارەکان لە کەمپی ھۆل لە سووریا، دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
ئێوارەی دوێنی شەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ھەرێم کە پێکھاتووە لە ھەریەک لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێم، فەوزی ھەریری و راوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێم، فەلاح مستەفا گەیشتە دۆحە پایتەختی قەتەر.