Esra Taşkın
23 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2022
پاریس - AA
لە کاتێکدا لە فەڕەنسا کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کاریگەری لەسەر دروست کردووە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا-رووسیاوە نرخی خۆراک، وزە و سووتەمەنی بەخێرایی بەرزبوونەتەوە، پێشبینی دەکرێت لە وەرزی هاویندا، بەهۆی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵییەوە نرخەکان زیاتر روو لە هەڵکشان بکەن.
لە فەڕەنسا هاووڵاتییان سکاڵا دەکەن لە دابەزینی ئاستی گوزەران لە وڵاتەکەیاندا، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە مانگەکانی رابردوودا.
سەبارەت بە رەوشی وڵاتەکەیان، هاووڵاتییانی فەڕەنسا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوان و باسیان لەوە کرد کە بە راستی گرانی دروست بووە.
سایسابیل دافرانی کە خوێندکاری بەشی ئەندازیارییە و لە شاری ڤێرسایلیس دەژی گوتی: ''وەک خوێندکارێک پێموایە ئاستی ژیانم دابەزیوە، چونکە بەتایبەتی وەک خوێندکاران داهاتمان هەمان شتە. تەنانەت نامەوێت بیر لە کەمترین مووچە بکەمەوە''.
سایسابیل دافرانی باسی لەوە کرد کە نرخی خۆراک لانیکەم یەک بۆ دوو یورۆ زیادی کردووە و لە سەبەتەی بازاڕکردندا کاتێک ژمارەی بەرهەمەکان لەنێوان ٢٠-٥٠ جۆر دەگۆڕێت، ئەوەش ٥٠ یورۆ زیاتر دەکات.
گوتیشی: ''پێش چەند ساڵێک تانکی ئۆتۆمبێل بە ٥٠-٦٠ یورۆ پڕ دەبوو، بەڵام لەم رۆژەدا ٩٠-١٠٠ یورۆی دەوێت. ئەوەش بارگرانییەکی زۆری دروست کردووە، زۆر قورسە''.
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئەلحەسەن بیناتە کە دانیشتوی ناوچەی گۆوساینڤیلا-ی پاریسە، ئاماژەی بەوە کرد کە مانگانە پارەی کارەبای نەچووەتە خوار ٤٠ یورۆوە و نرخەکان رۆژ لە دوای رۆژ بەرزدەبنەوە و گوتی: ''ئەمڕۆ بەڕاستی ژیان لە فەڕەنسا گرانە''.
لیندا کە دانیشتوی سانت-دەنیز-ە، باسی لەوە کرد کە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، نرخی وزە و خۆراک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و گوتی: ''هەموو شتێک زیادی کردووە. من کەمێک چانسم هەیە، چونکە منداڵەکانم گەورەم. لە رووی داراییەوە سەربەخۆن، کار دەکەن. لەگەڵ هاوسەرەکەم دوو کەسین. توانامان هەیە. نیگەرانی ئەوانەم کە منداڵیان هەیە، چونکە بەو شێوەیە ژیان ناڕوات''.
هاوکات لیندا ئەو کاڵایانەی نیشان دا کە لە یەکێک لە زنجیرە مارکێتەکانی وڵاتەکەیدا کڕیبووی و گوتی: ''تەنیا بۆ ئەمەی دەیبینن ١٠٠ یورۆم داوە. لە دوو عەلاگەیاندا تەنیا شەربەتی میوە هەیە، لەگەڵ دۆندرمە و سێ پاکەت ماست. ئەمە خۆی هەموو شتێک بەیان دەکات''.
لیندا ئەوەشی خستەڕوو کە پێشتر کە دەچوونە سەردانی کوڕەکەیان لە شاری نانتێس، تێکڕا ٢٠٠ یورۆیان دەدا بە پارەی بانزین و پەڕینەوە، بەڵام ئەمڕۆ گەشتێکی لەو شێوەیە ٣٠٠ یورۆی تێدەچێت.
هەروەها لیندا بەرزبوونەوەی نرخەکانی بە ناکاو و لە رادەبەدەر ناوزەند کرد و گوتی: ''خێزان پەیدا دەبێت کە هیچی دەست نەکەوێت بۆ خواردن''.
نرخی خۆراک و وزە کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا-رووسیاوە بەخێرایی رووی لە هەڵکشان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە وەرزی هاویندا بەهۆی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵییەوە زیاتر بەرز ببێتەوە.
رۆزا کە دانیشتوی پاریسی پایتەختە، باسی لەوە کرد کە لە هەموو کەرتەکاندا بەهۆی هەڵئاوسانەوە نرخەکان بەرزبوونەتەوە، لەبەرئەوە وردتر لە نرخی کاڵاکان دەکۆڵنەوە و بەشێوەیەک کە کەمترین پارە خەرج بکەن پێداویستیەکانیان دابین دەکەن.
موسەوی فوئاد کە لە کەرتی دروستکردنی بیناسازییدا کار دەکات، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە هەموو شوێنێک نرخەکان زیادی کردووە هەر لە سووتەمەنییەوە تا ئامێرەکانی کارکردن و خەرجی سووتەمەنی مانگانەی کارەکان دوو هێندە زیادیان کردووە.
بەپێی پەیمانگای نیشتمانیی ئامار و توێژینەوەی ئابووریی (INSEE)، رێژەی هەڵئاوسان لە مانگی تەمووزدا لەو وڵاتە گەیشتووەتە سەدا ٦،١. گەورەترین هەڵکشانیش بەڕێژەی سەدا ٢٨،٥ لە نرخی وزەدا روویداوە.
بەپێی زانیارییەکانی یەکێتیی رێکخراوە گشتییەکانی خوێندکاران (FAGE)، خەرجی قۆناغی سەرەتای خوێندنگە بۆ خوێندکاران لەمساڵدا تێکڕا دەگاتە دوو هەزار و ٥٢٧ یورۆ.
یەکێتیی رێکخراوە گشتییەکانی خوێندکاران پێشتر رایگەیاندبوو کە ساڵی رابردوو لەهەمان قۆناغدا ئەو رێژەیە سەدا ٧،٣٨ بووە، ئەو هەڵکشانەشی بە مێژوویی ناوزەند کرد.