Ömer Tuğrul Çam
14 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2021
برۆکسل - AA
وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، لەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆ سەر ناوچەی سنووری ئۆکراینا، پاڵپشتی "نەھێژێنی" خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەری ئۆکراینا دووپاتکردەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە ناتۆوە بڵاوکراوەتەوە، لەو کۆبوونەوەی کە لە بارەگای ناتۆ بە سەرۆکایەتی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ، بەڕێوەچووە، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دیمیتری کولیبا کە لە برۆکسل ئامادە بووە، زانیاری لە بارەی دوایین پێشھاتەکانی دۆخەكەى بۆ نوێنەرە ھەمیشەییەکانی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ خستووتەڕوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ھاوپەیمانان، پاڵپشتی نەھەژێنی ناتۆیان بۆ یەكپارچەیی خاک و سەروەری ئۆکراینا دووپاتکردووەتەوە. وڵاتانی ھاوپەیمان، نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر کۆکردنەوەی سەربازیی رووسیا لە ناوەوە و دەرەوەی ئۆكراينا و پێشێلکردنی ئاگربەست لە رۆژھەڵاتی ئۆکراینا، لەلایەن میلیشیا پاڵپشتکراوەکان لەلایەن رووسیا-وە، دەربڕیوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ، داوای کرد رووسیا کۆتایی بە کۆکردنەوەی سەربازیی و ئیستفزازکردن بھێنێت و گرژییەکان کەمبکاتەوە. ھاوکات وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دان بە لکاندنی نایاسایی کریمیا لەلایەن رووسیاوە نانێن و سەرکۆنەى ھەبوونی سەربازیی رووسییان لە نیمچە دوورگەی کریمیا کردووە.
بەپێى راگەیەندراوەکە، هاوپەيمانان، داوایان لە رووسیا کردووە کە پابەندی رێککەوتنەکانی مینسک بێت و ھێزەکانی لە ئۆکراینا بکێشێتەوە و کاری کرداری لە چوارچێوەی رێکخراوی ئاسایش و ھەماھەنگی ئەورووپا ئەنجامبدات، لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ناتۆ بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پاڵپشتیی سیاسی و پراکتیکی بۆ ئۆکراینا".
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش ھاتووە کە ستۆلتنبێرگ، بۆ ئاسایشی دەریای رەش ئاماژەی بە فراوانکردنی ھەماھەنگی لە نێوان ئۆکراینا و جۆرجیا کردووە.