Zana Natık Kerem
21 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی رایگەیاند کە عێراق ھەوڵدەدات لە شەڕی دژبە تیرۆر، سوود لە شارەزایی ناتۆ وەربگرێت.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە کە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی پێشوازی لە فەرماندەی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق، فەریق روکن پێیر ئۆڵسن کردووە.
ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارێکدا، قاسم ئەعرەجی پەرۆشی عێراقی نیشانداوە سەبارەت بە ھاوکاریکردن لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و رایگەیاندووە کە ھێزە عێراقییەکان لە میانی شەڕەکانی دژبە داعش، شارەزایی زۆریان بەدەستھێناوە.
هەروەها قاسم ئەعرەجی باسی لەوەکردووە کە بەھیچ شێوەیەک عێراق بەشێک نەبووە لە کێشەکانی ھەرێمیی، بەڵکو بەشێک بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گوتوویەتی:
"عێراق ھەوڵدەدات لە شەڕی دژبە تیرۆر، سوود لە شارەزایی ناتۆ وەربگرێت، چونکە ھێشتا داعش مەترسییە بۆسەر ھەمووان".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە فەرماندەی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق، پێیر ئۆڵسن رایگەیاندووە کە بوونی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق لەسەر داوای حکوومەتی عێراقە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە فراوانکردنی ئەرکی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق، دەبێت ھەر لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بێت.
پێیر ئوڵسن راشیگەیاندووە "لە شەڕی دژبە تیرۆر، ناتۆ پاڵپشتی لە حکوومەتی عێراق دەکات".