ناتانیاهو، کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا گۆشەگیر بووە، بە نزیکبوونەوە لە میچۆتاکیس بە دوای دەرچەدا دەگەڕێت
Kudüs
قودس - AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو و سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میچۆتاکیس و سەرکردەی بەشی ڕۆمی قوبرسی باشوور، نیکۆس هرستۆدولیدیس کە لە قودسی ڕۆژئاوا کۆبوونەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
- ناتانیاهو: لەسەر قووڵکردنەوەی هاریکاریی ئەمنیی و بەرگریی ڕێککەوتین
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناتانیاهو، ئاماژەی بەوە کرد لە لووتکەکەدا تاوتوێی هاریکارییان لە بوارەکانی ئاسایش، وزە و تەکنەلۆجیا کردووە.
ناتانیاهو باسی لەوە کرد کە ڕێککەوتوون لەسەر قووڵکردنەوەی هاریکاری لە بواری بەرگریی و ئاسایش، کارکردنی هاوبەش بۆ جێبەجێ کردنی ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا، لەو بارەیەشەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ قسە دەکات.
سەبارەت بە ئێران، ناتانیاهو هۆشداریی دا و، ڕایگەیاند: "ئاگاداری مانۆڕەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردووین. چاودێری دەکەین و ئامادەکاری پێویست دەکەین. هەر کردەیەک بە وەڵامێکی زۆر توند بەرپەرچ دەدرێتەوە."
ناتانیاهو ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەی داهاتووی سێ سەرکردەکە لە ئیسرائیل دەبێت.
- فۆرماتی ١+٣ بە بەشداری ئەمریکا
سەرکردەی بەشی ڕۆمی قوبرسی باشوور هرستۆدولیدیس، ئاماژەی بەوە کرد هاریکاریی نێوان هەر سێ لایەن (ئیسرائیل، یۆنان، قوبرسی باشوور) لە بوارەکانی وزە، ئاسایش، بەرگریی و تەکنەلۆجیا قووڵتر بووەتەوە، خواستی خۆی بۆ گواستنەوە بۆ فۆڕماتی ١+٣ لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە بەشداری ئەمریکا دەربڕی.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی یۆنان میچۆتاکیس، باسی لەوە کرد ناوچەکە لە قۆناغێکی نوێی جیۆپۆلەتیکیدایە.
میچۆتاکیس تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە هەنگاوەکانی داهاتوویان لە غەززە کردووە و، ئامادەن لەو بارەیەوە بەشداری بکەن، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە مەسیحییە ئۆرتۆدۆکسەکان لە سووریا لە دۆخێکی سەختدان و پێویستە بپارێزرێن.
لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی لووتکەکەدا، جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە هاریکاری لە بواری ئاسایش، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وزە و تەکنەلۆجیا کرایەوە و، بڕیار درا "گرووپی کاری سێ قۆڵی ئامادەکاری و وەڵامدانەوەی باری نائاسایی" بۆ هاریکاری لە کاتی کارەساتە سروشتییەکان دابمەزرێنرێت.
- هاوبەشیی پراگماتیکی دژ بە تورکیا
پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و یۆنان وەک "هاوبەشییەکی پراگماتیک لەسەر بنەمای دژایەتی تورکیا" لێکدەدرێتەوە، چونکە بە پێچەوانەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتە لەگەڵ ئەنقەرە.
ئەم دوو وڵاتە لە بابەتی وەک سنووری دەسەڵاتی دەریایی، ئاسایشی وزە و پرسی سەربازیی هەڵوێستی هاوبەش وەردەگرن بۆ هاوسەنگ کردنی کاریگەریی تورکیا لە ناوچەکەدا.
نزیکبوونەوەی ئەسینا و تەل ئەبیب لە دوای ساڵانی ٢٠١٠ەوە، بەتایبەتی لە دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل، گەیشتە ئاستی هاوبەشیی ستراتیجی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لە بوارەکانی وزە و ئاسایشدا، نموونەی ئەمەش بە پڕۆژەی هێڵی غازی سروشتی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست (East-Med) دەردەکەوێت.
ئەم پڕۆژەیە کە بڕیار بوو لێیەوە غازی ئیسرائیل لە ڕێگەی قوبرسی باشوور و یۆنانەوە بگەیەنێتە ئەورووپا، سەرەڕای گرنگی زۆری، بەهۆی تێچووی زۆر و سەختی تەکنیکییەوە جێبەجێ نەکرا و، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا بە تەواوی هەڵپەسێردرا.
- خێرابوونی هاریکاریی سەربازیی ئیسرائیل و یۆنان بووەتە جێی سەرنج
جگە لە هاریکاریی وزە و دیپلۆماسیی، خێرابوونی هاریکاریی سەربازیی نێوان ئیسرائیل و یۆنان و زیادبوونی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان بووەتە جێی سەرنج.
ئەم هاریکارییە سەربازییە لە دوای مانۆڕی هاوبەشی شانازیی سپارتا (Glorious Spartan) لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە پەرەی سەندووە، و هەردوو وڵات بەشداریان لە مانۆڕی گەورەی وەک "ئینیۆخۆس ٢٠٢٥" کردووە. مانۆڕەکانی سووتەمەنی فڕۆکە لە ئاسمانی یۆنان نموونەیەکی دیکەن.
هەروەها گرێبەستە سەربازییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە؛ گەورەترینیان گرێبەستێکی ١،٦٥ ملیار دۆلاری بوو لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ دامەزراندنی قوتابخانەی ڕاهێنانی فڕۆکەوانی. بەمدواییانەش پەرلەمانی یۆنان بەرنامەی کڕینی سیستمی مووشەکی (PULS)ی بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار پەسەند کرد و، گفتوگۆکان بۆ پرۆژەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی "قەڵغانی ئاشیل" بەردەوامە.
- لووتکەی سێ قۆڵی لەنێو بانگەشەی "هێزی وەڵامدانەوەی هاوبەش''
پێش لووتکەی سێ قۆڵییەکە بانگەشەی ئەوە کرا کە هێزێکی وەڵامدانەوەی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆ پاراستنی "ژێرخانی هەستیار" دروست دەکرێت، کە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز لەخۆدەگرێت (هەزار لە یۆنان، هەزار لە ئیسرائیل و ٥٠٠ لە قوبرسی باشوور).
هەروەها باس لەوە کرا کە یۆنان بەنیازی دانانی سیستمی مووشەکی دژە-تانکی (SPIKE NLOS)ی ئیسرائیلییە لە دوورگەکانی دەریای ئیجە و هەرێمی مێریچ.
سەرەڕای ئەوەی ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بانگەشەی دروستکردنی ئەم هێزە دژ بە تورکیای ڕەتکردەوە، بەڵام بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە کە فەرمانی پلاندانان بۆ ئەم مەبەستە دراوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی سەرۆکوەزیران ناتانیاهو دەکرێت.
- داواکاری ئیسرائیل لە یۆنان لە بارەی غەززە
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هانی یۆنان دەدات ڕۆڵێکی کارا لە داهاتووی غەززەدا بگێڕێت، یۆنانیش ئامادەیە و، تەنانەت ڕەنگە لە چوارچێوەی پلانی ترەمپدا تیمی ئەندازیاری سەربازیی ڕەوانەی غەززە بکات.
ئاماژە بەوەیش کرا کە لە لووتکەکەدا، لەژێر "سێبەری تورکیادا کە جووڵەکانیان ئاراستە دەکات"، کۆمەڵێک پرس سەبارەت بە بەهێزکردنی هاریکاریی دوولایەنە لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست تاوتوێ کراون، لەوانە هاریکاریی بواری وزە لە دەریای ناوەڕاست و ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا (IMEC) کە بڕیارە بە ئیسرائیل و یۆناندا تێپەڕێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
