Esat Fırat,Mohammed Baqi Hussein
28 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2019
قودس - AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی كرد له سنووری كه‌رتی غه‌ززه‌ی گه‌مارۆدراو، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی كرد و رایگه‌یاند، سوورن له‌سه‌ر به‌هێزتركردنی یه‌كه سه‌ربازیه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌رتی غه‌ززه.
ناتانیاهو یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئیسرائیلی به‌سه‌ركرده‌وه كه له سنووره‌كانی كه‌رتی غه‌ززه جێگیركراون.
دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ناتانیاهو، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی ئیسرائیل راگه‌یەندراوێكی بڵاوكرده‌وه كه له ده‌قه‌كه‌یدا هاتووه ناتانیاهو ده‌ڵێت، "له‌و ناوچه‌وه دێمه‌وه كه سنووره له‌گه‌ڵ كه‌رتی غه‌ززه، چاوم به فه‌رمانده‌ی سه‌ربازه جێگیركراوه‌كانی سنوور كه‌وت".
ناتانیاهو هه‌روه‌ها جه‌ختیكردووه‌ته‌وه كه هێزی پشتیوانی ده‌نێرن بۆ یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی سنووره‌كانی غه‌ززه و ده‌ڵێت، "به‌م دواییه فه‌رمانم دابوو بۆ به‌هێزتركردنی یه‌كه‌كانی سه‌ر سنوور، ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی زیاتر بنێردرێت و ئاماده‌بن بۆ جه‌نگی گه‌وره".
ناوبراو هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه، ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی جه‌نگی گه‌وره ببنه‌وه، سڵی لێناكه‌نه‌وه و ده‌ڵێت، "دوای به‌كارهێنانی ته‌واوی بژارده‌كانی دیكه، ده‌بێت هاووڵاتیانی ئیسرائیل بزانن، ئه‌گه‌ر ناچار ببین بچینه جه‌نگێكی گه‌وره‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێز ده‌چینه ناوی".