Mustafa Deveci,Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
22 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2018
قودس - AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، بینیامین ناتانیاهو، هه‌وڵیداوه به‌رله‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی بۆ رای گشتی ئاشكرابكات، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی له سووریا، پاشگهزبكاتهوه.
له هه‌واڵێكی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ١٠ی ئیسرائیل‌دا، ئاماژه به‌وه‌كراوه بینیامین نه‌تانیاهو هه‌وڵیداوه دۆناڵد تره‌مپ پاشگهزبكاتهوه له بیرۆكه‌ی بڕیاردان سه‌باره‌ت به كشاندنه‌وه‌ی سه‌ربازانی سوپای ئه‌مریكا له سووریا.
له هه‌واڵه‌كه‌دا باس لهوهشكراوه به‌هۆی بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له سووریا حكوومه‌تی ته‌لئه‌بیب تووشی نائومێدییه‌كی گه‌وره بووه و ئه‌م هه‌نگاوه بۆ هه‌ریه‌ك له رووسیا، ئێران و حزبوڵڵا "سه‌ركه‌وتن"ه و ئه‌م بڕیاره‌ی تره‌مپ "زللـەیهك بووه و له رووی ئیسرائیل دراوه".
له هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شدراوه بوونی ئه‌مریكا له‌و وڵاته تاكه كارتێكی مامه‌ڵه بووه ئیسرائیل به‌كاری بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی رووسیا رازی بكات رێگه له جێگیربوونی ئێران بگرێت له سووریا.
به‌رپرسێكی ئیسرائیلیش كه نه‌یویستووه ناوی خۆی ئاشكرا بكات به توندی ره‌خنه‌ی له بڕیاری سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ گرتووه بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا و گوتوویه‌تی: "تره‌مپ ئێمه‌ی (ئیسرائیلی) هه‌ڵداوه‌ته ژێر تایه‌كانی ئه‌و بارهه‌ڵگره سه‌ربازه رووسیانه‌ی چه‌كیان بۆ حیزبوڵڵا و سووریا هه‌ڵگرتووه".
له هه‌واڵه‌كه‌ی هه‌مان كه‌ناڵدا به‌پشت به‌ستن به زانیارییه‌كانی به‌رپرسێكی دیله‌ی ئیسرائیلی كه ئه‌ویش نه‌یویستووه ناوی ئاشكرا بكات ئاماژه به‌وه دراوه كه وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا جه‌یمس ماتیس كه دوێنێ رایگه‌یاند ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیسرائیل هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه كه بڕیاربوو هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجامی بدات.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته روو كه ئێران و سووریا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی سه‌ردانه ههڵوهشێندراوهكه بوون.