Nazlı Yüzbaşıoğlu
02 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2021
ئەنقەرە- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "پێویستە قەیرانی ئۆکراینا بەڕێگای دیپلۆماسیی چارەسەر بکرێت. گرنگیشە رێککەوتنەکانی وڵاتانی مینسک و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاوبگیردرێن".
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە بیست و هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە ئاسایشی جیهان لە دوای واژووکردنی دوایین رێککەوتننامەی ئەمنی کە لە ساڵی ١٩٧٥ لە هێلسنکی واژوو کرا، بەشێوەیەکی بەرفراوان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و گوتی: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جیهانگیریدا، نائارامی جیهانی گرتەوە؛ تیرۆر، تاوانی رێکخراوەیی، کۆچی نایاسایی و دژایەتیکردنی کەسانی بیانی لە هەموو شوێنێکی جیهاندا زیاد دەکات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە رێکخراوی ئاسایش و هاریکاریی ئەورووپا بەشێوەیەکی کاریگەرتر مامەڵە لەگەڵ کێشە ئەمنییەکان بکات، گوتیشی: "لە باشووری قەفقاس هەلێک هەیە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی. هاوسەرۆکەکانی گرووپی مینسک دەتوانن لەگەڵ ئەندامە هەمیشەییەکانی گرووپەکە خزمەت بەم هەلە بکەن. پێویستە قەیرانی ئۆکراینا بەڕێگای دیپلۆماسیی چارەسەر بکرێت. گرنگیشە رێککەوتنەکانی وڵاتانی مینسک و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاوبگیردرێن. ئێمە نیگەرانین لە پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییە تەتەرەکانی دوورگەی قرم".