جيهان, عێراق

مەسعود بارزانی: "تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ جار بە مووشەک و بە درۆن هێرشكراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان"

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند: "لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێکراوە، تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ جار بە مووشەک و بە درۆن ھێرشکراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان".

Zana Natık Kerem  | 29.03.2026 - نوێکردنەوە : 29.03.2026
مەسعود بارزانی: "تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ جار بە مووشەک و بە درۆن هێرشكراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند ھەرێمی کوردستان ھیچ کات بەشێک نەبووە لەو کێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا ھەیە و ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ جار بە مووشەک و بە درۆن ھێرشکراوەتە سەر ھەرێم.

مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی ھێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "ھەرێمی کوردستان ھیچ کات بەشێک نەبووە لەو کێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا ھەیە بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک خەڵک ھەن بە بێ ئەوەی کەس ڕێگرییان لێ بکات، تەرکیزی سەرەکییان ئەوەیە چۆن و بە چی ڕێگەیەک دژایەتیی ھەرێمی کوردستان بکەن و ھەمیشە بەناھەقی پەلاماری ھەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە ھەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵکی کوردستان".

ڕاشیگەیاندووە: "بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە مووشەک پەلاماری ھەرێمی کوردستان و بارەگاکانی پێشمەرگەیان داوە و خەڵکی بێگوناحیان شەھید و بریندار کردووە، ھەروەھا لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێکراوە زیاتر لە ٤٥٠ جار بە مووشەک و بە درۆن ھێرشیان کردۆتە سەر ھەرێمی کوردستان و بارەگاکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان. ھەر لەو ماوەیە پێنج جار ھێرشیان کردووەتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگەمان لێ کردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوکێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت، دوێنێش لە شاری دھۆک بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆکی ھەرێمیان داوە، بابەتەکە ماڵ یان بارەگای کەس نییە، ھەموو شوێنێکی کوردستان و ھەموو ماڵی کوردستانیان لای ئێمە بەھای ھەیە".

سەرۆکی پارتی دیموکرانی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئەو جۆرە ھێرشانە شەڕفرۆشتنێکی ئاشکران و زوڵمێکی گەورە و زێدەڕۆیی و ناھەقیەکی گەورەن بەرانبەر ھەرێمی کوردستان و دەبێ چارەسەرێکی جددی و یەکلاکەوەرییان بۆ دابنرێت و ڕاشیگەیاندووە: "لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەکردن و تەلەفۆن و بروسکە و لیژنە چارەسەر نابن، دەسەڵاتدارانی عێراقی دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن کە لە توانایاندا نییە ڕێگریی لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بکەن، یانیش دەبێت بە جیددی بێنە سەر ھێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بکەن و ئیجرائاتی جیددی بکەن کە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و ھێرشی ناڕەوا بکرێتە سەر ھەرێمی کوردستان".

لە کۆتایی پەیامەکەدا، ھاتووە: "لێردەدا دووپاتی دەکەینەوە، گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرگریی لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەکات و ھیچ ھەڕەشە و پەلامار و دوژمنێک نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشکێنێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın