Zana Natık Kerem
04 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان-عێراق، ڕایگەیاند کە پارتی ڤیتۆی لەسەر ھیچ لایەنێک نییە.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا ڕۆمانۆسکی.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، ئالینا ڕۆمانۆسکی پیرۆزبایی خۆی بەبونەی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، ئاراستەی مەسعود بارزانی کردووە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە کەشێکی دیموکراسیانە و ئارامدا و لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، وێنەیەکی شایستەی ھەرێمی پێشانی ھەموو لایەکدا.
باسی لەوەش کردووە کە لای خۆیەوە مەسعود بارزانی سوپاسی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە کە سەرباری بوونی کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی، بەڵام ڕۆڵی بەرچاویان لە سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەماندا ھەبووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێم و دانوستاندنی نێوان لایەنەکان کراوە و لەوبارەیەوە مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەداوە کە پارتی تیمێکی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پێکھێنانی حکوومەت و ئەجێندای حکوومەتی داھاتوو پێکھێناوە و ڕاشیگەیاندووە کە پارتی ڤیتۆی لەسەر ھیچ لایەنێک نییە.
ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لە دیدارەکەدا، تیشک خراوەتە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و دوایین پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەروەھا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ کراوە.