Sarmand Hameed
24 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق، ئۆرلیک شانون کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە میانی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی باڵیۆزی کەنەدا بۆ کار و هەوڵەکانی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی کەنەدا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.
هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی کەنەدا ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بەو پەیوەندییانە، لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.