Zana Natık Kerem
27 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات، لەگەڵ جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانڕاوی میرنشینی دوبەی، محەمەد بن راشد ئال مەکتوورم کۆبووەوە.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا کە، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئیمارات ئامادەی بوون، دەربارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئیمارات گفتوگۆکراوە.
باسی لەوەش کردووە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگیی پتەوکردنی دۆستایەتیی و ھەماھەنگیی نێوان ئیمارات و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا.
ھەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئیمارات لەگەڵ فەرمانڕەوای میرنشینی شاریقە، سوڵتان بن محەمەد قاسمی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیاندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبووەنەوەکەدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و شاریقە و ئیمارات بە بەتایبەتی لە بوارەکانی پەروەردە، خوێندن، کولتوور، ھەروەھا پشتگیریکردنی بزنسی بچووک و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەندی شاریقە لە بواری کولتووری و ئەکادیمیدا تاوتوێ کراوە.
دوێنێ شەممە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئیمارات لەگەڵ فەرمانڕەوای میرنشینی رەئس خەیمە، سعود بن سەقر قاسمی کۆبووەوە.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و میرنشینی رەئس خەیمە و ئیمارات بە گشتی و بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرھێنان و پیشەسازیی وگەشتوگوزاردا کرا، ھەروەھا ھەردوولا ھاوڕابوون کە لە پەیوەندی و ھەماھەنگیی بەردەوامدابن بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی ھاوبەشن.
رۆژی ھەینی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیھانیی وزە کە بڕیارە رۆژانی ٢٨-٢٩ی ئادار لە شاری دوبەی بەڕێوەبچێت و چەندین بەرپرس و شارەزایانی بواری وزە بەشداری تێدا دەکەن و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، یەکێکە لە قسەکەرە سەرەکییەکانی کۆڕبەندەکە.
مەسرور بارزانی ھەروەھا بەشداریی لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان دەکات کە رۆژانی ٢٩-٣٠ی ئادار لە دوبەی ئەنجام دەدرێت.