جيهان

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێرەوی ژیان-ی لە هەولێر دانا

Heman Hussein Yaseen  | 05.11.2025 - نوێکردنەوە : 05.11.2025
مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێرەوی ژیان-ی لە هەولێر دانا

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی بەردی بناغەی (پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان)ی دانا و دواتر گوتارێکی پێشکەش کرد.

پڕۆژەکە لەسەر کۆڕنیشی ھەولێر جێبەجێ دەکرێت و دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی شارەکە و لە شەقامی سەرەکی ھەولێر - کۆیە دەستپێدەکات تا شەقامی سەرەکی ھەولێر - کەرکووک کە درێژییەکەی نزیکەی ١٢ کیلۆمەتر دەبێت و چەندین گەڕەک دەکەونە سەر ڕێڕەوەکە.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی لەبارەی پڕۆژەکەوە گوتی: "گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەم شوێنە، لە کاتێکدا کە خۆی وەک ڕێڕەوێک بوو بۆ ڕێگرتن لە لافاو، بەڵام بەداخەوە دواتر بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاک، کە لە ڕووی تەندروستیشەوە بووە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە، بۆیە بڕیارماندا ئەم پڕۆژە گرنگە لەو ناوچەیەدا بکرێت کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ھەموو بوارەکاندا لە ژیانی خەڵکی ئەم گەڕەکانە و شاری ھەولێر بە گشتی دروست بکات و دەبێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی ھەولێر و ھەرێمی کوردستان".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "لە قۆناغی یەکەمدا، ئەم پڕۆژەیە پارک و سەوزایی و ئاوەڕۆی سندوقی و کەناڵێک بۆ ئاوی پاک و باران و لافاو لەخۆدەگرێت. ھەروەھا چەندین دوکان و کۆشک و شوێنی یاریی لێ دروست دەکرێت و دەبێتە ناوچەیەکی دڵڕفێنی گەشتیاری لە نێوجەرگەی شاری ھەولێر کە دەرفەتی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان دروست دەکات، ئێمە ھەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە کە لە پەرەپێدانی شار و شارۆچکەکاندا ھاوسەنگی ھەبێت، و تەنھا بایەخ بە سەنتەری شارەکان یان چەند گەڕەک و ناوچەیەک بە تەنھا نەدرێت. کەواتا جیاوازیی گەڕەکەکان دەبێت کەم بکرێتەوە. بەڵکو پێویستە لە گەشەکردنی شارەکانماندا، بە پێی تایبەتمەندی، بایەخ بە گشت ناوچەکان بدرێت و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەک یەک سوودمەند بن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی و ڕێرەوی ژیان کرد و گوتی: "ھەولێر ئێستا یەکێکە لە شارە ھەرە پێشکەوتووەکانی عێراق و ناوچەکە. بە تەواوبوونی ھەردوو پڕۆژەی "پشتێنەی سەوز" و "ڕێڕەوی ژیان"، قۆناغێکی دیکەی گەشەسەندن و ئاوەدانی لە شاری ھەولێر دەست پێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە گەشتیارییە ھەرە گرنگەکانی دونیا، کە خاوەنی مێژوویەکی دێرین و پێشکەوتن و ئاوەدانییەکی بەرچاویشە، ئەم شۆڕشی ئاوەدانییەی کە دەستمان پێکردووە، ھەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت، لە پێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێکی گشتگیر و ھەمەلایەن، کە ئامانجی سەرەکیی خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە، لە ڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گشتی و دەستەبەرکردنی ھەلی کاری زیاتر و پەرەپێدانی وەبەرھێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.

مەسرور بارزانی لەبارەی پاکڕاگرتنی ژینگە داوایەکی لە ھاووڵاتییان کرد و گوتی: "دەمەوێت جارێکی دیکە داوایەکی برایانە لە ھەموو ھاووڵاتییانی کوردستان بکەم، تکایە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ژینگەکەمان بپارێزین. حکوومەت تەنیا دەتوانێت بەشێک لە ئەرکەکە لە ئەستۆی خۆی بگرێت. ئێمە دەتوانین پڕۆژە دروست بکەین، بەڵام کولتووری ژینگەپارێزی ئەرکی ھەموومانە. پاراستنی ژینگە ئەرکی ھەموومانە. تکاتان لێدەکەم یارمەتیمان بدەن با بەیەکەوە وڵاتەکەمان خۆشتر و جوانتر بکەین".

کۆڕنیشی ھەولێر لە سەردەمی ڕژێمی بەعس وەک پشتێنە ئەمنیی دروستکرابوو، لە چەند ساڵی ڕابردووشدا تا ئێستا ئاوەڕۆی چەند گەڕەکێکی پێدا تێدەپەڕێت و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش لە ناوچەکە وێڕای مەترسی تەندروستی لەسەر دانیشتووان و دەوروبەری شوێنەکە، پێشبینی دەکرێت بە دروستکردنی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان، گۆڕانکارییەکی تەواو لە شوێنەکە بکرێت و ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی و ھاووڵاتییان لەناوخۆ و دەرەوە ڕووی تێبکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın