Muhammet Ali Kemal
08 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
قودس- AA
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو رایگەیاند ئەگەر کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی کە بڕیارە لەکۆتایی ئەم مانگەدا لەلایەن فەڕەنساوە سازبکرێت، هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەوا بێ هیچ پێشمەرجێک ئامادەیە لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباسدا کۆببێتەوە.
بەپێی روونکردنەوەیەکی نووسراو کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، بێنیامین ناتانیاهو بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ناتانیاهو بە ئۆلاندی راگەیاندووە ئەگەر بێت و کۆنفرانسەکە سازنەکرێت، ئەوا بێ هیچ مەرجێک و بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ و بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەحمود عەباسدا ئامادەیە سەردانی فەڕەنسا بکات.
ناتانیاهو ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئیسرائیل بەشداریی لەهیچ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتییدا ناکات کە رۆڵی لە پرۆسەی ئاشتییدا نەبێت.
پێشتر وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، یان مارک ئایرۆڵت رایگەیاندبوو بەمەبەستی دووبارە دەستکردنەوە بە کۆبوونەوەکانی ئاشتی لەهەوڵدان لەماوەی ئەم مانگەدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو و سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس لەپاریس کۆبکەنەوە.
سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش ئاماژەیان بەوەکردبوو بڕیارە سەرکۆماری وڵاتەکەیان پەیوەست بە بانگێشتەکە، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو قسەبکات.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی فەڵەستین، نەبیل ئەبو رودەینە پێشتر رایگەیاندبوو کە بڕیارە فەڕەنسا لە 21ی کانوونی یەکەمدا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ئاشتی سازبکات.
هاوکات ئیسرائیل مانگی رابردوو ئاشکرایکردبوو کە بەشداریی لەو کۆنفرانسەدا ناکات کە فەڕەنسا بەنیازە رێکیبخات.
فەڕەنسا لە پاریسی پایتەخت بەمەبەستی دووبارە دەستکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رۆژی 3ی حوزەیران کۆبوونەوەیەکی بۆ وەزیرانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سازکردبوو. لایەنە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە کە ئیسرائیل و فەڵەستینن، بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد. باس لەوەکرابوو کە کۆبوونەوەکە بەمەبەستی ئەنجامدانی ئامادەکارییە بۆ ئەو کۆنفرانسەی بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا سازبکرێت.
کۆبوونەوەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لەمانگی نیسانی 2014دا بەهۆی قبووڵنەکردنی هەریەک لە؛ وەستاندنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی جوولەکەکان، لەبەرچاوگرتنی سنوورەکانی ساڵی 1967 و ئازادکردنی دەستگیرکراوە فەڵەستینییەکانەوە، وەستا.