جيهان

میدیای ئیسرائیل: ''سوپای ئیسرائیل ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت کە لە کەرتی غەززە گیانلەدەستدانی پێنج منداڵی لێکەوتەوە''

پێشتر سوپای ئیسرائیل لە رێگەی بەرپرسانییەوە کە نەیانویستبوو ناویان ئاشکرا بکرێت، باسیان لەوە کردبوو کە رووداوەکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە مووشەکەکانی جیهادی ئیسلامی لە شوێنێکی هەڵەدا روویداوە.

Enes Canlı  | 16.08.2022 - نوێکردنەوە : 17.08.2022
میدیای ئیسرائیل: ''سوپای ئیسرائیل ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت کە لە کەرتی غەززە گیانلەدەستدانی پێنج منداڵی لێکەوتەوە''

Quds

قودس - AA

سوپای ئیسرائیل، ئەو هێرشە ئاسمانییەی حەوتی ئابی لە ئەستۆ گرت کە لە کەرتی غەززە گیانلەدەستدانی پێنج منداڵی لێکەوتەوە.

رۆژنامەی هائارتز بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییەی تەواو کردووە کە سەبارەت بەو هێرشە ئەنجامیدا کە لە حەوتی ئابدا لە نزیک مەزارگەیەک لە ناوچەی جەبالیەی کەرتی غەززە ئەنجامدرا و بەهۆیەوە پێنج منداڵ گیانیان لەدەست دا.

لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییەدا، سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا ناوە ئەو هێرشە خۆیان ئەنجامیان داوە.

لە هەواڵەکەدا باس لەوەیش کراوە پێشتر بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل کە نەیانویستبوو ناویان ئاشکرا بکرێت، باسیان لەوە کردبوو کە رووداوەکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی یەکێک لە مووشەکەکانی جیهادی ئیسلامی لە شوێنێکی هەڵەدا روویداوە، جەخت لەسەر ئەوەیش کراوەتەوە کە هیچ بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل لای رای گشتیی بە ئاشکرا جیهادی ئیسلامی بەرپرسیار نەکردووە لەو رووداوە.

باس لەوە کرا کە لە هێرشەکەدا، هەریەک لە جەمیلەددین نەجم (سێ ساڵ)، جەمیل ئیهاب نەجم (١٣ ساڵ)، محەمەد نەجم (١٦ ساڵ)، حەمید نەجم (١٦ ساڵ) و نەسمی کاراش (١٥ ساڵ) گیانیان لەدەستداوە، ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجیش بڵاوی کردەوە کە سێ کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەشدارییان لە بەرنامەی چاکسازیی زەبر و زەنگ لە کەرتی غەززە کردووە.

نووسینگەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردبوو لە میانی هێرشەکاندا بۆسەر کەرتی غەززە کە سێ رۆژیان خایاند، ئامانجەکانی جیهادی ئیسلامی کراونەتە ئامانج و لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەشدا ئەوەی لەدەستیان هاتووە کردوویانە بۆ ئەوەی هاووڵاتی و شوێنی مەدەنی کەمترین زیانیان بەربکەوێت. ئەوەشی خستبووەڕوو کە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی جەبالیە هێشتا بەردەوامە.

لە میانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە شەشی ئابدا، رووداوێکی دیکە کە تەقینەوە بوو لە ناوچەی جەبالیە روویدا و بەهۆیەوە لانیکەم چوار منداڵ گیانیان لەدەست دا.

لەو بارەیەوە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئەدرەعی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بانگەشەی ئەوەی کرد کە مووشەکێکی جیهادی ئیسلامی لە خاڵێکی سنووری کەرتی غەززەدا کەوتووەتە خوارەوە و دیمەنەکەشی بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوە کردبوو کە ناوچەی جەبالیەن.

گرووپە فەڵەستینییەکان هیچ روونکردنەوەیان سەبارەت بە رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın