Mohamed Majed
25 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2024
غەززە ــ AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە ٥٨ تەرمی دیکەیان لە سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە، دۆزیوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی لە کەرتی غەززە لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە دوای ئەوەی ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی ناسر لە شاری خان یونس کشاونەتەوە، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە تیمەکانیان، ٥٨ تەرمی دیکەیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا لە نەخۆشخانەی ناسر دۆزیوەتەوە.
باسی لەوەش کردووە کە لەو کاتەی ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی ئەم مانگە لە نەخۆشخانەی ناسر کشاونەتەوە، تا ئێستا ٣٩٢ تەرم لەلایەن تیمەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی دۆزراونەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەو تەرمانەی کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە، بەشێکیان ئاسەواری ئەشکەنجەدان بە جەستەیانەوە دیارە و بەشێکی دیکەیان لەسێدارەدراون، ھەروەھا بەشێکی دیکەیان زیندەبەچاڵ کراون".
ڕاشیگەیاندووە کە تەرمی ژمارەیەک منداڵ لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە و ھاتووە: "تا ئێستا ھۆکاری بوونی تەرمی ئەو منداڵانە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس نازاندرێت".