Ramal Mahmood
13 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
مووسڵ - AA
ناوی حەشدی نیشتیمانیی کە لەهێزە خۆجێییەکانی ناوچەکە پێکدێت و لەدژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەجەنگن بۆ "پاسەوانانی نەینەوا" گۆڕدرا.
گوتەبێژی پاسەوانانی نەینەوا زوهەیر جبووری لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "سەرۆکی حەشدی نیشتیمانیی ئەسیل نوجێفی لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەگەڵ فەرماندەی لیواکان ئەنجامیاندا ئەوەی بینی کە هەموو لیواکان لە ئامادەباشی تەواودان لەرووی چەک و راهێنانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ. لەبەرئەوە بڕیاریدا ناوی حەشدی نیشتیمانیی بۆ 'پاسەوانانی نەینەوا' بگۆڕێت".
لەبارەی وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ، جبووری گوتی: "تەنانەت ئەگەر زانیارییمان لەوبارەیەوە هەبێت، لەرووی سەلامەتی و پاراستنی نهێنیی سەربازیی، ناکرێت ئەو زانیارییانە بڵاوبکەینەوە. بەڵام ئەم بابەتە پەیوەندیی نییە بەکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە. بابەتەکە پەیوەندیدارە بەو هەڵمەتەی لەدژی وڵاتی تورکیای هاوسێ دەستیپێکردووە".
جبووری ئەوەی خستەروو کە ئێستا کاتی ئەوە نەبوو ژمارەیەک لایەنی عێراقی (حکوومەت و گرووپە چەکدارە شیعەکان) هەڵمەتی دژایەتییکردنی راهێنانی هێزە خۆجێییەکان لەلایەن تورکیاوە لە باشیک، دەستپێبکەن و لەو بارەیەوە گوتی: "تورکیا دەیەوێت بەبوونی لە باشیک ئاسایشی ناوچەی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی خۆی بپارێزێت. چونکە ئەگەری ئەوە هەیە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە دەستوەربداتە ئەو ناوچانە. بەرلەوەی داوای کشانەوەی تورکیا بکرێت لە عێراق، پێویستە بەلەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو رێکخراوە کە بەرێکخراوێکی تیرۆریستیی دادەنرێت، لە عێراق دەربکرێت. هاتنی هێزەکەی تورکیا بۆ باشیک لەئەنجامی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بووە".