Muhammet Ali Kemal
13 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئومێدەوارن ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە رۆژی 15ی تشرینی یەکەم لە شاری لۆزانی سویسرا سەبارەت بە سووریا سازبکرێت ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە لێبکەوێتەوە، بەڵام لەبارەی کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکانەوە وەزارەتەکە هیچ بەڵێنێکی نەدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند ئومێدەوارن ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە رۆژی 15ی تشرینی یەکەم لە شاری لۆزانی سویسرا سەبارەت بە سووریا سازبکرێت ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە لێبکەوێتەوە، بەڵام لەبارەی کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکانەوە وەزارەتەکە هیچ بەڵێنێکی نەدا.
گوتەبێژی وەزارەتەکە، جۆن کیربی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە بەشدارییکردن لەو کۆبوونەوەیەدا دایەوە کە بڕیارە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا لە شاری لۆزان بەڕێوەبچێت.
جۆن کیربی گوتی: ''وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری، بەمەبەستی کێشانی چوارچێوەیەکی سەرکەوتوو بۆ وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لەسووریا، بەشداریی لەکۆبوونەوەکەدا دەکات''.
ىڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە ئەمریکا، رووسیا، تورکیا، سعوودیە، ئێران و قەتەر بەشدارییبکەن، هاوکات کیربی ئاماژەی بەوەکرد ئەو ناتوانێت بەڵێنبدات کە دوای کۆبوونەوەکە بژاردەیەک یان شێوازێکی نوێ دەگیرێتە بەر و رایگەیاند: ''ناتوانم گرەنتی ئەوە بدەم کە لەئەنجامی کۆبوونەوەکەدا دەستەبەری وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان دەکرێت لە سووریا''.
سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان سەبارەت بە سووریا لەگەڵ رووسیادا هەڵپەساردووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری و هاوتا رووسییەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ چەندین جار پێکەوە بەتەلەفۆن قسەیان کردووە، لەوبارەیەوە جۆن کیربی ئاشکرایکرد کیری پلانی بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ لاڤرۆڤدا لە لۆزان دانەناوە، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت لەکاتی کۆبوونەوەکاندا ئەوان لەشوێنێکدا چاویان بەیەکتر بکەوێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: ''ناڵێم هیچ ئەگەرێک نییە وەزیری دەرەوەی هەردوو وڵات لەدەرەوەی کۆبوونەوە فەرمییەکان، کۆببنەوە. بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت هەڵپەساردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیادا سەبارەت بەوەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سووریا، هەڵگرتووە''.