Sarmand Hameed
30 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر - AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند، بەرپرسیارێتی پاراستنی شیعەکان لە ئەفغانستان لە ئەستۆی بزووتنەوەی تاڵیبانە.
موقتەدا سەدر لە بارەی تەقینەوەکانی ئەفغانستان کە حوسێنییەی شیعەکان لەو وڵاتەدا دەکاتە ئامانج، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە،
سەرکردەی رەوتی سەدر حکومەتی بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان بەوە تۆمەتبار کردووە کە ناتوانێت پارێزگاریی لە گەلەکەی بکات و رێگریی لە تەقینەوە بکرێت، کە شیعەکان لەو وڵاتەدا دەکاتە ئامانج.
موقتەدا سەدر نووسیوویەتی: "بەڵێ حکوومەتی تاڵیبانی "توندڕەو" کە موسڵمانان و مزگەوتەکانیان و نوێژەکانیان دەترسێنێت لە بری ئەوەی سێکوچکەی شووم بتۆقێنێت".
سەرکردەی رەوتی سەدر راشیگەیاندووە: "لە نەجەفی پیرۆزەوە، بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو تەقینەوانەی ئێستا کە برایانی شیعە ئەفغانییەکان دەکاتە ئامانج، دوور نییە لە داھاتوودا برایانی سوننە میانڕەوەکان کە بیروڕای تاڵیبانیان نییە بگرێتەوە، دەخەمە ئەستۆی تاڵیبان".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر، نووسیوویەتی: "بە گشتیی ئەو حکوومەتەی تاڵیبان یان ئەوەتا بە مەبەست بێدەنگە و رازییە بەوەی کە روودەدات و نزیکە لە تیرۆر و دوورە لە میانڕەویی، یان ئەوەیە بێ توانایە لە پارێزگاریکردن لە گەلەکەی و حکوومەتێکی بێ نرخە و لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی پێویستە دەستوەردان بکات بۆ کۆتایھێنان بە ئازاری ئەو گەلەی دەیەوێت بژیت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر داوای کردووە، سعوودییە کە بەم دواییانە دەیەوێت لە توندڕەوی دوور بکەوێتەوە، دەستوەردان بکات لەوەی لە ئەفغانستاندا روودەدات و داوایشی لە شیعەکانی ئەفغانستان کردووە، یەک دەست بن بۆ کۆتاییھێنان بە ئازار و مەینەتییەکانیان و پشت بە خودای گەورە ببەستن.
ئەم پەیامەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ ھەینی تەقینەوەیەک لە یەکێک لە حوسێنییەی شیعەکان لە کابول پایتەختی ئەفغانستان روویدا.