Filiz Kınık Öz,Zeynep Rakipoğlu,Kaan Bozdoğan
30 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2022
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "بە خۆڕاگرییمان لە بەرامبەر ئەو قەیرانە ئابوورییە جیهانییەی کە بە پەتاکە دەستی پێکرد و لەگەڵ جەنگەکەدا فراوانتر بوو، سەلماندمان کە لەسەر رێگای راستین".
سەرکۆمار ئەردۆغان لەمیانی بەشدارییکردنی لە"لووتکەی گۆڕانی ئابووری و شێوازە نوێیەکان" کە له نووسینگەی سەرۆكایەتی کۆمار لە کۆشکی دۆڵمەباخچە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا دەکرێت بگوترێت تورکیا لەپێش وڵاتانی دیکەوەیە و گوتی: "کارمان ئەوە بووە بە شیکردنەوەی پێشهاتەکانی جیهان و ناوچەکەمان رێگایەکی نوێ بۆ خۆمان دابڕێژین. حەز دەکەم بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێم کە سیاسەتی ئابووری بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نایاسایی و ناڕەوا لە دژی وڵاتەکەمان جێبەجێ دەکرێت، بۆ ئەوەی خۆمان لەم تەڵانە رزگار بکەین بۆ ماوەیەکی زۆر سیاسەتی ئابووریمان جیاکردەوە، لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کارەدا، هەرگیز لە واقیعە جیهانی و ناوخۆییەکان و ئەزموونەکان دانەبڕاین، ئێمە بە کەڵک وەرگرتن لێی لە بەرزترین ئاستدا مۆدێلی ئابووری ناوازەی خۆمان دروستکرد".
- "بەردەوام دەبین لە هەنگاونان بەرەو ئامانجەکانمان"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە ژێرخانی تیۆری و نموونە سەرکەوتووەکانی ئەم رێبازەیان هاوبەشی پێکردووە و لە زۆر گفتوگۆ و گوتاردا باسیان لێوەکردووە: گوتی: "بە خۆڕاگرییمان بەرامبەر بەو قەیرانە ئابوورییە جیهانییەی کە بە پەتاکە دەستی پێکرد و لەگەڵ جەنگەکەدا فراوانتر بوو، سەلماندمان کە لەسەر رێگای راستین. هیوادارم بەردەوام بین لە هەنگاونان بەرەو ئامانجەکانمان".
سهرکۆمار ئهردۆغان ئاماژەی بەوە دا که تورکیا له پێکهێنان و جێبهجێکردنی سیاسهته ئابوورییهکاندا رووبەڕووی زۆرترین سهختی هاتووە. هۆکار یان دەرئەنجامی ئەو کێشانەی کە تورکیا بۆ ماوەی سەدەیەک ئەزموونی کردووە هەمیشە بەستراوەتەوە بە ئابوورییەوە، گوتی: "کاتێک ٢٠ ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتمان گرتەدەست، لە پەروەردەوە تا تەندروستی، لە ئاسایشەوە تا دادپەروەریی، لە گواستنەوەوە تا وزە، لە پیشەسازییەوە تا کشتوکاڵ دەستمان بە بەرنامەیەکی هەمەلایەنەی گەشەپێدان کرد بۆ نەهێشتنی ئەو کەموکوڕییەیانەی لە ژێرخانی وڵاتەکەماندا هەبوو".
- "وڵاتێکین کە زۆر بە خێرایی توانای کەمکردنەوەی هەڵاوسانمان هەیە"
سهرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی خستەڕوو کە لە قۆناغێکی ئاوادا بهرنامهی ئابووری خۆیان بەدیهێنا له دژی ئهو ههوڵانهی دەیانویست ئابووری ئهم وڵاته بخهنه ژێر چنگی سوو و ههڵاوسان.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا کە سەرەتا بەو رێوشوێنانەی کە گرتوویانەتەبەر و ئەو میکانیزمە تەکنیکیانەی کە دروستیان کردووە ئەو تەڵانەیان پووچەڵ کردەوەتەوە کە لە رێگەی ئامرازە داراییە جیهانییەکانەوە خرابوونە سەر رێگە، گوتیشی: "ئێمە لەسەر بنەمای مۆدێلی گەشەکردن لەرێگەی وەبەرهێنان، دامەزراندن، بەرهەمهێنان، هەناردەکردن مۆدێلێکی ئابووریمان لە تورکیا دروستکرد. بێگومان لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک زەبرمان بەرکەوتووە. بەڵام لە رێی چارەسەری جێگرەوەوە چارەسەری ئەو کێشانەمان کرد کە بەهۆی ناجێگیری بەهای دراوەوە دروست ببوون. ئێمە وڵاتێکین زۆر بە خێرایی توانای کەمکردنەوەی هەڵاوسانمان هەیە".
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لەپاڵ زیادکردنی هەلی دامەزراندن بۆ بەرزترین ئاستی مێژوویی وڵاتەکەمان، هەموو رێگایەک دەگرینەبەر بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی هەڵاوسانەوە بەر هاووڵاتییان کەوتوون".
گوتیشی: "زۆرێک لە ئامارەکانی وەک زیادبوونی بەردەوامی بەرهەمی پیشەسازیی، زیادبوونی بوژانەوەی گەشتیاریی و زیادبوونی هەناردەکردن نیشان دەدەن کە بەرەو ئامانجەکانمان دەڕۆین. ئێمە نزیک دەبینەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی کە ١١ ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی ٢٠١١دا دابوومان، بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بکەینە یەکێک لە ١٠ گەورەترین ئابووری جیهان".