Islam Doğru
04 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2022
نیویۆرک - AA
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، کینیس مهکێنزی لە بارەی ئۆپەرسیۆنی کوشتنی گەورە تیرۆريستی داعش، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشییەوە رایگەیاند "ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە دەستگیر کردنی قوڕەیشی بووە".
مهکێنزی، لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەنستیتۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باسی لەو ئۆپەراسیۆنەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا کرد کە لە شاری ئیدلب ئەنجامدرا و تیایدا گەورە تیرۆيستێکی داعش، کوژرا.
ناوبراو ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە لەڕێی کۆپتەرەوە ئەنجامدراوە و رایگەیاند "ئامانج دەستگیرکردنی ئەو گەورە تیرۆريستەی داعش بوو. بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە کە بەشێوەیەکی لێزانانە پلانی بۆ داندرابوو و هەر بەو شێوەیەش ئەنجامدرا، بە کوژرانی جێگرەکەی ئەبوبەکر بەغدادی، کۆتاییهات".
مهکێنزی، باسی لەوەشکرد کە قوڕەیشی بە ئەندازەی بەغدادی ناسراو نەبووە و گوتیشی: "دڵنیاتان دەکەمەوە کە قوڕەیشی لایەنی کەم بە ئەندازەی بەغدادی، مەترسی بووە بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. ئەبوبەکر بەغدادی نوێنەری باڵی ئایدۆلۆجیای داعش بوو بەڵام قوڕەیشی پلاندانەر و بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوەکە بوو و بەرپرسیاریشە لە کۆمەڵێکی زۆر کاری دڕندانە لە عێراق و سووریا".
ئەو فەرماندە ئەمریکییە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە قوڕەیشی لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە نهۆمی سێیەمی ئەو بینایەی تیایدا دەمایەوە، گیانی لەدەستداوە و گوتى: "قوڕەیشی هیچ بەرپەرچدانەوەیەکی نەبوو. هەرچەندە ئێمە داوامان لێکرد خۆی بدات بەدەستەوە بەڵا ئەو بەبێ بەرەنگاربوونەوە خۆی و خێزانەکەی کوشت".
مهکێنزی ئەم ئۆپەراسیۆنەشی وەک نیشانەیەکی بەردەوامی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەسف کرد.
جێی ئاماژەیە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا تیمەکانی بەرگری شارستانی لەژێر داروپەردووی ئەو بینایەی قوڕەیشی تیادا کوژرا، ١٣ تەرمیان دەرهێنا کە شەشیان منداڵ بوون.
هەروەها هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی ئیدلب باس لەوە دەکەن کە ئەمریکییەکان کەسێکیان بەزیندوویی لە بیناکەدا دەستگیر کردوە و لەگەڵ خۆیان بردویانە.