Zana Natık Kerem
18 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاند كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دوای سەردانەكەی بۆ ئەمریكا بەرەو ئوردن بەرێ دەكەوێت.
ئەحمەد موللا تەڵال لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە دا كە مستەفا كازمی لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن، پرسەكانی ئەمنی، ئابووری، تەندروستیی و وزە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێ دەكات.
ئاشكراشی كرد كە شاندی عێراق لە واشنتۆن رێوشوێنەكانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ شاندی ئەمریكا تاوتوێ دەكات و گوتیشی:
"قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی دوا قۆناغ نابێت و ژمارەیەك قۆناغی دیكەی گفتوگۆی ستراتیجی لەنێوان بەغدا و واشنتۆندا ساز دەكرێت".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال راشیگەیاند كە سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ سعوودیە هێشتا لەئارادایە، بەڵام وادەی ئەنجامدانی سەردانەكە دیار نییە و گوتی:
"سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی دوای سەردانەكەی بۆ ئەمریكا بەرەو ئوردن بەرێ دەكەوێت".
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەحمەد موللا تەڵال گوتی: "حكووومەت ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و توانای هەیە لەو وادەیەی کە دیاریی كردووە، هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدات".
پێشتر نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە لە 20ی ئەم مانگە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی واشنتۆن دەكات و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كۆدەبێتەوە.