Fatma Esma Arslan
13 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2020
دەكار ــ AA
ئەنجوومەنی سەربازی دەسەڵاتدار لە مالی رایگەیاند كە قۆناغی راگوزەری بۆ 18 مانگ دیاریی كردووە، دوای ئەو ماوەیە، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
دوای دانوستانەكان كە ماوەی سێ رۆژی خایەنێت، ئەنجوومەنی سەربازی لە مالی كە ناوی "لیژنەی نیشتمانیی بۆ رزگاركردنی گەل"ی لێ نراوە زنجیرەیەك بڕیاری دەركرد.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند لە یەكێك لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەربازی دەسەڵاتداردا، ئاماژە بەوە دراوە كە لە كۆتایی ماوەی قۆناغی راگوزەردرا كە ماوەكەی 18 مانگە، هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.
روونی كردووتەوە كە ئەنجوومەنی سەربازی دەتوانێت لە میانی قۆناغی راگوزەردا كەسایەتییەكی مەدەنی یان سەربازی وەك سەركۆمار دەست نیشان بكات.
- كودەتا سەربازییەكەی مالی
رۆژی ١٨ی مانگی رابردوو گرووپێك سەرباز كودەتایان ئەنجامدا و بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیانەوە هاتنە ناو باماكۆ-ی پایتەختەوە.
دواتر لەڕێی دەستگیركردنی ژمارەیەك وەزیر و ئەفسەری پلەدارەوە دەستیان بەسەر بیناكانی دەوڵەتدا گرت.
پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ سەركۆماری ئەو وڵاتە، ئیبراهیم كایتا لەلایەن سەربازە كودەتاچییەكانەوە دەستگیر كرا و رەوانەی بنكەی سەربازیی كاتی نزیک لە باماکۆی پایتەخت کرا و لە نیوەی شەودا و لە میانی وتارێکی کە لە تەلەڤیزیۆنی فەرمی ئەو وڵاتە بڵاو کرایەوە، ئیبراهیم كایتا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند.
چەند كاتژمێرێك دواتر كودەتاچییان لە هەمان كەناڵەوە ئەوەیان راگەیاند كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و قۆناغی راگوزەری مەدەنی و سیاسی لە وڵاتدا دەستی پێ كردووە.