Fatma Esma Arslan
19 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2020
داکار - AA
سەرکۆماری مالی، ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا کە لە هەولێکی کودەتای سەربازییدا دەستبەسەرکرا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا کە کاتەکانی ئێوارە لەلایەن گرووپێک سەربازەوە لە شوێنی حەوانەوەکەیەوە برا بۆ بنکەی سەربازیی شاری کاتی کە ١٥ کیلۆمەتر لە باماکۆ-ی پایتەختەوە دوورە لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیدا، گوتارێکی کورتی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری مالی باسی لەوە کرد کە شکستی هێناوە لە ئەنجامدانی چاکسازیی لە ناو سوپادا و پەشیمانی خۆی راگەیاند بەهۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لەو خۆپیشاندانانەی کە لە ١٠-١٢ی تەمووزدا، سازکران.
ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا باسی لەوە کرد کە پەرلەمان و حکوومەتی هەڵوەشاندووەتەوە و گوتی: ''نامەوێت لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات، خوێبڕژێت''.
کاتەکانی بەیانی جموجۆڵ لە بنکەی سەربازیی لە شاری کاتی دروستببوو کە دەکەوێتە نزیک باماکۆ و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بەرەو پایتەخت چووبوون.
سوپا ببووە دوو بەشەوە، سەربازانی یاخیبوو و سەربازانی ژێر فەرمانی سەرکۆمار ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی مالی، موسا تیمبینی و وەزیری ئابووری و دارایی، عەبدوڵڵا دافی و وەزیری دەرەوە، تیبلی درامی دەستبەسەرکرابوون.
ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا کاتەکانی پاش نیوەڕۆ لەلایەن گرووپێک سەربازەوە دەستبەسەرکرا و برابوو بۆ بنکەیەکی سەربازی لە کاتی.
لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا لە مالی ململانێیەکی جددی لەنێوان حکوومەت و گرووپەکانی سەربە ئۆپۆزسیۆن لە ئارادایە.
- قەیرانی سیاسیی لە مالی
بەهۆی ئەوەی دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە سەرکەوتنی ٣١ پەرلەمانتاری راگەیاند کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان نەیانتوانی بوو سەرکەوتن بەدەستبهێنن، بەڵام کاتێک ئەنجامی فەرمی دوو خولی هەڵبژاردنی گشتیی ئادار و نیسان راگەیەندرا سەرکەوتنیان بڵاوکرایەوە، خۆپیشاندانەکانی دژبە ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا کە لە مانگی ئایارەوە تا ئێستا لەو وڵاتە درێژەی هەیە، بڵێسەی سەند.
پلاتفۆڕمی M5 RFP کە پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن و ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێکیانهێناوە و سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، ئیمام دیکۆ سەرۆکایەتی دەکات لە پێنج و ١٩ی حوزەیراندا خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی بە بەشداری سەدان هەزار کەس ئەنجام دا.
دوای ئەوەی ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا ئاشکرای کرد کە دەستلەکار ناکێشێتەوە، پلاتفۆڕمی M5 RFP بانگەوازی خۆپیشاندانی کرد.
لە خۆپیشاندانەکاندا کە لە ١٠ی تەمووزدا دەستی پێ کرد، خۆپیشاندەران بینای رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیان داگیرکرد و رێگا سەرەکییەکانی شاریان داخست. لەو رووداوانەشدا ١١ کەس کوژران و لانیکەم ١٢٤ی دیکەش برینداربوون.
ئیبراهیم ئەبوبەکر کیتا بەمەبەستی دامرکاندنەوەی گرژییەکان، دادگای دەستووریی هەڵوەشاندەوە.
بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی سیاسیی مالی، کۆمەڵەی ئابووریی دەوڵەتانی خۆرئاوای ئەفریقا (ECOWAS) لە ٢٨ی تەمووزدا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەی بەپەلەی رێکخست.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە پێویستە ئەو ٣١ پەرلەمانتارەی جێگەی مشتومڕن بە سەرۆکی پەرلەمانیشەوە دەستبەجێ دەستلەکار بکێشنەوە، دادگای دەستووریی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ دەستووری مالی-دا سەرلەنوێ بەخێرایی رێکبخرێتەوە.
لەسەر ئەو بڕیارە، سەرکۆماری مالی لە هەشتی ئابدا بە بڕیارنامەیەک نۆ ئەندامی بۆ دادگای دەستووریی دامەزراند و ئەندامەکانیش دوای دوو رۆژ سوێندی یاساییان خوارد.