Muhammet Ali Kemal
28 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
ئەدیس ئابابا
ئاڵای فەڵەستین لەبارەگای ناوەندیی دامەزراوەی ئابووری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفریقا، لە ئەدیس ئابابای پایتەختی ئەسیۆپیا، هەڵکرا.
هەماهەنگیکاری دامەزراوەکە ئاهونا ئێزیاکۆنوا ئۆنۆچی لەومەراسیمەدا کە بۆ هەڵکردنی ئاڵای فەڵەستین سازکرابوو، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتدا بکەن.
ئۆنۆچی ئاماژەی بۆ رۆژی پشتگیری گەلی فەڵەستین کرد کە هەموو ساڵێک لەرۆژی ٢٩ تشرینی دووەمدا پیرۆز دەکرێت و گوتی: "ئێمە بەڵێنەکانی خۆمان سەبارەت بە هێنانی ئاشتی و دادپەروەری بۆ گەلی فەڵەستین، راوەستاندنی درووستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، دووپات دەکەینەوە".
لای خۆشییەوە باڵیۆزی فەڵەستین لە ئەدیس ئابابا، نەسری ئەبو جەیش داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە کۆچپێکردن، زیندانیکردن، رووخاندنی ماڵەکانی فەڵەستینییەکان و کوشتنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەوەی دەکەوێتە سەرشانی ئەنجامی بدات تاوەکو کۆتایی بەو کردەوانە بهێنێت.
ئەمە جگە لەوەی ئەبو جەیش داوای کرد ئەفریقییەکان بەرهەمەکانی ئیسرائیل بایکۆت بکەن و بەکاری نەهێنن.
بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەسیۆپیا سیراج راشید ئاماژەی بەوەکرد وڵاتەکەی لە پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا پشتیوانی لەکێشەی فەڵەستین دەکات.
راشید جەختی لەوەکردەوە ئەوان لایەنگری چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینن بەرێگای دانوستاندن.
ناوەندیی دامەزراوەی ئابووری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفریقا بەمەبەستی هاندانی هاریکاری ئابووری نێوان ئەندامەکانی لەلایەن کۆنسی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لەساڵی ١٩٥٨دا دامەزرێنراوە و ٥٤ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کیشوەری ئەفریقا لەخۆدەگرێت.